مەسرور بارزانی هۆشداری له‌ سەرهەڵدانەوەی داعش دەدات

‌مەسرور بارزانی

وێستگه‌ نیوز ـ
راوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان دووپاتیدەکاتەوە، ئەگەر حکومەتەکانی ناوچەکە، کێشە سەرەکییەکان چارەسەر نەکەن، ئەوا داعش جارێکی دیکە سەرهەڵدەداتەوە.

مەسرور بارزانی، راوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکیدا بۆ رۆژنامەی گاردیانی بەریتانی روونیکردووەتەوە، کۆنتڕۆڵکردنەوەی ناوچەکانی ژێر دەستی داعش، ئامانجی سەرەکی شەڕەکە بوو، قوربانییەکی زۆریش لەم شەڕەدا درا، دەرەنجامەکانی شەڕەکەش لە عیراق و سوریا بەرچاون.

مه‌سرور بارزانی وتیشی: "مانەوەی کێشە سیاسی و ئابوورییە سەرەکییەکانیش بەبێ چارەسەر، رێگە بۆ سەرهەڵدانەوەی داعش خۆش دەکات".

راوێژكاری ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان، جەختی کردەوە داعش بریتی نییە لە بوونی هێزی چەکداری یان رووبەرێکی جوگرافی، بەڵکو داعش ئایدیۆلۆژیایەکی تایبەتە و رێکخراوەکە توانیویەتی خۆی لەگەڵ شکستەکان رابهێنێت و لەو شوێنانەی تایفەگەریی تیایدا زاڵە، دەستی بە هێرشی چەکداری  کردووەتەوە.

مەسرور بارزانی دەشڵێت: "لە پارێزگاکانی باکووری عیراق لەو شوێنانەی لە دەستی داعش ئازاد کراون، شانە نووستووەکانی داعش بە تاکتیکی نوێ جارێکی دیکە سەریان هەڵداوەتەوە، بە مەبەستی بڵاوکردنەوەی ترس و دڵەڕاوكێ لە ناو خەڵکی".

ئه‌م وتانه‌ی مه‌سرور بارزانی، راوێژكاری ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان له‌ كاتێكدایه‌ كه‌ ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 23ی ئازاری 2019، هێزه‌كانی سوریای دیموكرات هه‌سه‌ده‌ كۆتایی هاتنی داعشی له‌ سوریا راگه‌یاند.

هــ. ر


PM:10:13:23/03/2019


ئه‌م بابه‌ته 17748 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو