په‌رله‌مانتارێك: حكومه‌ت خۆی لە پێدانی مووچەی دوو مانگی ئه‌مساڵ ده‌دزێته‌وه‌


وێستگه‌ نیوز ـ
مەم بورهان قانع پەرلەمانتاری فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، ئەوەی دەوترێت ئامادەکاری دەکرێت بۆ ناردنی لیستی مووچە بۆ گەنجینەکان، قسەیەکی گاڵتەجاڕانەیە و جۆرێکە لە خۆدزینەوە لە پێدانی مووچەی مانگەکانی یەک و دووی ئەمساڵ.


ئەو پەرلەمانتارەی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە لاپەڕەی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک نوسیوویەتی، "ئەوەی جاروبار بەناوی سەرچاوەیەكی بەرپرس لە وەزارەتی داراییەوە دەوترێت، ئامادەكاری دەكرێت بۆئەوەی لیستی مووچە رەوانەی گەنجینەكان بكرێت، قسەیەكی بێمانا و گاڵتەجاڕییانەیە".

ئه‌وه‌شی وتووه‌: "ئامادەكاریی بۆ مووچە، كارێكی رۆتینیی هەر وەزارەت و بەڕێوەبەرایەتییەكە و، تێكڕا كاری یەك رۆژە. ئه‌وجا ئەمە جۆرێكە لە خۆدزینەوە لە پێدانی مووچەی مانگەكانی یەك و دووی ئەمساڵ".

ئاماژەی بەوەش کردووە، لەکاتێکدا پارەی پێویست بۆ مووچەی ئەو دوو مانگە لە بەغدا هاتووە، دەبێت وەزارەتی سامانە سروشتییەکان پەلە بکات لەوەی داهاتی فرۆشراوی نەوت بخاتە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی، بۆئەوەی بە زووترین کات پێدانی مووچە راستبکرێتەوە و دواتر پەلە بکرێت لە پێدانەوەی مووچە پاشەکەوتکراوەکان.

لە کۆتایی بەیاننامەکەدا ئاماژەی بەوە کردووە، ئەو کارە یەکێکە لە ئەولەویەتی پەرلەمانتارانی فراکسیۆنه‌كه‌یان لە پەرلەمان و دەبێت بەو ئاراستە کاربکرێت، بۆئەوەی هیچ مووچەخۆرێک دینارێکی لەلای حکومەتی هەرێم نەمێنێت، هەروەک چۆن دەبێت قەرزەکانی حکومەتیش لەسەر مووچەی مووچە پاشەکەوتکراوەکان سفر بکرێتەوە.

ئەوەش لەکاتێکدایە ماوەیەکە میدیاکان بۆ بڵاوکردنەوەی هەواڵی مووچەی مانگانە بە ناوی سەرچاوەیەکی بەرپرس لە وەزارەتی داراییەوە باس لە رەوانەکردنی لیستی مووچەی فەرمانبەران دەکات بۆ گەنجینەکان.

هـ. ر


PM:11:53:22/03/2019


ئه‌م بابه‌ته 8444 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو