یه‌كێتی: جه‌خت له‌ خزمەتکردنی زیاتری هاوڵاتیان و چاکسازی راستەقینە ده‌كه‌ینه‌وه‌


وێستگه‌ نیوز ـ


مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان به‌بۆنه‌ی هاتنه‌وه‌ی جه‌ژنی نه‌ورۆز و سه‌ری ساڵی كوردییه‌وه‌ په‌یامێكی بڵاوكرده‌وه‌ و رایگه‌یاند، جەخت لە پەیامی سیاسی خۆیان ده‌كه‌نه‌وه‌، بۆ قۆڵکردنەوەی گیانی پێکەوەیی و تەبایی لەنێوان سەرجەم لایەنە سیاسیەکانی کوردستان، بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و خزمەتکردنی زیاتری هاوڵاتیان و چاکسازی راستەقینە.


له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌مه‌ی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستاندا هاتووه‌: "بەبۆنەی جەژنی نەورۆز و ساڵی نوێ کوردی 2719 گەرمترین پیرۆزبایی لە گەلی کوردستان دەکەین لە هەموو بەشەکانی کوردستان و هەر شوێنێکی جیهاندان. پیرۆزبایی لە کەسوکاری سەربەزری شەهیدان و ئەنفالکراوەکان و پێشمەرگە قارەمانەکان و سەرجەم تێکۆشەرانی کوردستان دەکەین".


ده‌شڵێت: "جەژنی نەورۆز هاوکاتی یادی 28 ساڵەی رزگارکردنی کەرکوکی کوردستان و شاری برایەتی و پێکەوەژیانە، کە پێشمەرگە و دانیشتوانی راپەریووی کەرکوک، شارەکەیان رزگارکردو راپەرین تاجی سەرکەوتنی لەسەرنا، بەم بۆنەیەوە سڵاو بۆ خەڵکی خۆراگری کەرکوک دەنێرین".


مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی ده‌شڵێت: "جەژنی نەورۆز و بیرەوەری رزگارکردنی کەرکوک لەکاتێکدا بەڕێی دەکەین، لە کوردستان و عیراق قۆناغێکی نوێ لەپرۆسەی سیاسی و حوکمڕانی دەستی پێکردووە، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەم بۆنە پیرۆزانەدا جەخت لە پەیامی سیاسی خۆی، بۆ قۆڵکردنەوەی گیانی پێکەوەیی و تەبایی لەنێوان سەرجەم لایەنە سیاسیەکانی کوردستان، بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و خزمەتکردنی زیاتری هاوڵاتیان و چاکسازی راستەقینە ده‌كاته‌وه‌".


راشیگه‌یاندووه‌: "یەکریزی لایەنە کوردستانیەکان لە کەرکوک و ناوچە کوردستانیە دابڕێنراوەکان و بەغدا بۆ ئاسایی کردنەوەی دۆخەکە و هێنانەدی مافە نەتەوەی و دەستوری و دیموکراسیەکانی گەلی کوردستان، بە ئەرک و بەرپرسیارێتیەکی گەورەی هەموو لایەک دەزانین، لەم پێناوەشدا یەکێتی بێدرێغ هەوڵەکانی درێژە پێدەدات".


هــ. ر



PM:05:56:20/03/2019


ئه‌م بابه‌ته 1704 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو