جێگری پارێزگاری هەڵەبجە داوا لە شاسوار عەبدولواحید دەکات پرۆژەی لە شارەکەدا ھەبێت


وێستگه‌ نیوز ـ
جێگری پارێزگاری هەڵەبجە، داوا لە شاسوار عەبدولواحید دەکات لە هەڵەبجە پرۆژەیەکی نوێ دەستنیشان بکات و بە هەموو توانایانەوە پشتگیریی دەکەن تا تەواوی دەکات.

كاوه‌ عه‌لی كه‌ریم، جێگری پارێزگاری هه‌ڵه‌بجه‌ لە پۆستێکی فەیسبووکدا نووسیویەتی‌، "چەندین پرۆژەی گرنگ هەیە چاوەڕێی هیمەتی دڵسۆزانەی کەسانی خەمخۆرە و ئێمە لە پارێزگای هەڵەبجەوە داوای لێدەکەین کە خۆی لە هەڵەبجە پرۆژەیەکی نوێ دەست نیشان بکات با بە هەموو توانامانەوە پشتگیری بکەین تا تەواوی دەکات".

دەشڵێت، "ئەنجامدانی پرۆژە هەر کەس و لایەنێک بیکات جێگای دەستخۆشی و پێزانینە"

ئەوەشی نووسیوە: "ئێستا کە ئەبینم کێبڕکێ لەسەر تەواو کردنی پردی سماقوڵی لە لایەن بەڕێوەبەرایەتی رێگاوبانی هەولێر و کاک شاسوار هەیە! ئەوا واباشترە کاک شاسوار هەوڵەکانی بۆ پرۆژەیەک بخاتە کار کە زۆر پێویست بێت و کەسیش لە خەمیدا نەبێت واتە بێ کەسە بێت و ئەگەر نەک کاک شاسوار ماوەش دانەنێ بۆ تەواوکردنی پرۆژەکە بەڵکو هەموو خەڵک بڕژێتە سەرشەقام و داوای پرۆژە کە بکات کەس نایەت بەدەمیەوە! ئەویش هەڵەبجەیە".

دەشڵێت، "پاش ئەوەی نەوەی نوێ ی دامەزراند پەیوەندیم پێوەکرد وەڵامی نەبوو پاشان پەیوەندیم بە نوسینگەکەی کرد و دەستخۆشیم بۆ کاک شاسوار هەبوو کە یارمەتی یاریگای شاهۆ حەمە فەرەجی لە هەڵەبجە بە ئینارەکردنی دا و ووتم ئەمەوێ قسە لەگەڵ بەڕێزیان بکەم و دەست خۆشی لێبکەم نوسینگەکەی ووتی بە کاک شاسوار ڕادەگەیەنم و پەیوەندی دەکەینەوە بەڵام وەڵام نەبوو".

ئەمە لەکاتێکدایە بڕیاربوو کاتژمێر حەوتی سەرلەبەیانی دوێنێ سێشەممە تیمی ئەندازیاریی جوڵانەوەی نەوەی نوێ‌ رێگای سماقوڵی چاك بكات كە نزیکەی سێ ساڵە بەتایبەت لەوەرزی زستاندا بەهۆی خراپیی رێگاكە ئاستەنگیی و بەربەستی بۆ هاتوچۆی هاوڵاتیان دروستكردبوو، بەڵام لەلایەن هێزێکی‌ ئەمنییەوە رێگریی لە تیمەکە کرا رێگاکە چاک بکەن و حکومەت خۆی دەستی بە چاککردنی رێگاکە کرد.

هــ. ر


PM:04:27:20/03/2019


ئه‌م بابه‌ته 11284 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو