كۆسره‌ت ره‌سوڵ: با نەورۆز بكەینە دەرفەتێك بۆ ئاشتەوایی و بنیاینانی حكومەتێكی خزمەتگوزار

‌كۆسرەت رەسول عەلی

وێستگه‌ نیوزـ

جێگری یه‌كه‌می سكرتێری گشتی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان له‌ په‌یامی جه‌ژنی نه‌ورۆز و رزگاركردنی كه‌ركوكدا داوایكرد سەری ساڵی نوێێ كوردی بكرێتە دەرفەتێك بۆ ئاشتەوایی نیشتمانی و بنیاینانی حكومەتێكی خزمەتگوزار، هیواشیخواست دۆخی كه‌ركوك ئاسایی بكرێته‌وه‌.

كۆسرەت ڕەسول عەلی،  جێگری یه‌كه‌می سكرتێری گشتی یه‌كێتی بەبۆنەی هاتنەوەی نەورۆزو سەری ساڵی كوردی و ڕزگاركردنی كەركوك په‌یامێكی بڵاوكرده‌وه‌ و رایگه‌یاند: ئەمڕۆ كە هاوكاتی جەژنی نەورۆزو ساڵڕۆژی رزگاركردنی كەركوكە، هیواخوازم دۆخی كەركوك ئاسایی بكرێتەوەو حوكمی كەركوك بۆ كەركوكییەكان بگەڕێتەوە.

جێگری سكرتێری گشتی یەکێتی ده‌ڵێت: "‎با هەموومان لەهێزو لایەنە سیاسییەكان، جەژنی نەورۆز و سەری ساڵی نوێێ كوردی بكەینە دەرفەتێك بۆ ئاشتەوایی نیشتمانی و بنیاینانی حكومەتێكی خزمەتگوزارو خزمەتكاری كوردستانیان و هەوڵەكان بخەینەگەڕ بۆ مسۆگەركردنی ئایندەیەكی ڕۆشن بۆ خۆمان و نەوەكانمان. ‎"

ده‌قی په‌یامه‌كه‌ی كۆسرەت ڕەسول عەلی:

 ‎بەبۆنەی هاتنەوەی سەری ساڵی تازەی كوردی و جەژنی نەورۆز، گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی كوردستانیان لەگشت جیهان دەكەم، ئومێدەوارم سەری ساڵی نوێی كوردی، ساڵی ئاشتەوایی نێوان لایەنەكان و خزمەتكردنی زیاتری كۆمەڵانی خەڵكی كوردستا ن بێ. ‎بەدرێژایی مێژووی گەلەكەمان، هەمیشە هاتنەوەی سەری ساڵی نوێی كوردی و وەرزی بەهارو هەڵكردنی ئاگری نەورۆز لەڕۆژە سەخت و ناخۆشەكاندا، مژدەی خۆشی و ئازادی بۆ گەلی كورد پێ بووەو ساڵی نوێبوونەوەی خەون و ئاواتەكان و سەرهەڵدانەوەی ئومێدی شۆڕش و ڕۆحی بەرەنگاری بووە. 

28 ساڵ لەمەوبەرو هاوكاتی هاتنی سەری ساڵی تازەی كوردی و جەژنی نەورۆز، لەدرێژەی ڕاپەڕینی كوردستانیان ڕزگاركردنی كەركووك تاجی سەركەوتنی تەواوەتی لە سەری ڕاپەڕین ناو بەخوێنی شەهیدانی سەركردەی وەك شەهید عەبدولڕەزاق و شەهید حەمەعەلی بەر خانەقا و دەیان و سەدان شەهیدی قارەمانی تر مژدەی یەكجارەكی ئازادی چرپاندە گوێی هەموو كوردێك. ‎ 

ئەمڕۆ كە هاوكاتی جەژنی نەورۆزو ساڵڕۆژی رزگاركردنی كەركووكە، هیواخوازم دۆخی كەركووك ئاسایی بكرێتەوەو حوكمی كەركووك بۆ كەركووكییەكان بگەڕێتەوەو هەموو هێزو لایەنە سیاسییەكان دەست لەناو دەست كاربكەین بۆ خزمەتكردنی زیاتری گەلەكەمان و هەوڵی جدی بدەین بۆ تەواو جێبەجێكردنی بەرنامەو پلانی ڕاپەڕین و هەموو ئەو ئامانجانەی ساڵەهایە قوربانی بۆ دەدەین. ‎

با هەموومان لەهێزو لایەنە سیاسییەكان، جەژنی نەورۆز و سەری ساڵی نوێێ كوردی بكەینە دەرفەتێك بۆ ئاشتەوایی نیشتمانی و بنیاینانی حكومەتێكی خزمەتگوزارو خزمەتكاری كوردستانیان و هەوڵەكان بخەینەگەڕ بۆ مسۆگەركردنی ئایندەیەكی ڕۆشن بۆ خۆمان و نەوەكانمان. ‎

كۆسرەت ڕەسول عەلی
 ‎جێگری سكرتێری گشتی ‎یەكێتی نیشتمانی كوردستان


PM:10:33:19/03/2019


ئه‌م بابه‌ته 3904 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت