سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق: به‌غدا كۆنتڕۆڵی دۆخی شه‌نگالی كردوه‌

‌عادل عه‌بدولمه‌هدی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق

وێستگه‌ نیوزـ

سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق سه‌باره‌ت به‌ پێكدادانه‌كه‌ی پێرێ شه‌وی نێوان سوپای عیراق و یه‌كینه‌كانی به‌رخۆدانی شه‌نگال (یه‌به‌شه‌) رایگه‌یاند كه‌ دۆخه‌كه‌ كۆنتڕۆڵ كراوه‌.

لە كۆنگره‌ی ڕۆژنامەوانیی هەفتانەی خۆیدا كه‌ ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 19ی ئازاری 2019 سازیكرد، عادل عه‌بدولمه‌هدی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق رایگەیاند، حکومەتی بەغدا کۆنترۆڵی دۆخی شنگالی کردووە و ڕێوشوێنی پێویستی گرتوەته‌بەر سەبارەت بە روداوەکانی چەند ڕۆژی ڕابردوو.

شەوی 17ی ئازاری 2019، لە ئەنجامی شەڕ و روبەڕوبونەوە لە نێوان سوپای عیراق و یەکینەکانی بەرخۆدانی شنگال، دوو کەس کوژراون و 6ی دیکەش برینداربوون.

دواتر شانەی جەنگیی سوپای عیراق بڵاویکرده‌وه‌ كه‌ هێزێکی سەربە "پەکەکە" دەستدرێژییان کردوەتەسەر خاڵێکی پشکنینی سەربە فەوجی یەکی لیوای 72ی فەماندەیی ئۆپراسیۆنەکانی نەینەوا، دوای ئەوەی یەکێک لە سەربازەکانی خاڵی پشکنینەکە داوای مۆڵەتی فەرمیی تیپەڕبوونی لێ کردووە بۆئەوەی تێپەڕن، بەڵام ئەو هێزە سەربازێکیان کردووە بەژێر ئوتۆمبێلەکانیانەوە و به‌هۆیه‌وه‌ روبەڕوبونەوەی چەکداری لە نێوان هەردوولادا درستبووە و لە ئەنجامدا دوو سەربازی سوپای عیراق کوژراون و پێنج شەڕڤانی یەبەشەش برینداربوون.


PM:09:44:19/03/2019


ئه‌م بابه‌ته 1348 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت