پارێزگای دیمەشق.. 8 هەزار دۆلار بەرامبەر بەدەستهێنانی یەک گۆر


وێستگەنیوز-

حکومەتی سوریا بریاریداوە لەبەرامبەر دابینكردنی هەر گۆرێك بری چوار ملیۆن لیرەی سوری بۆ ناشتنی تەرمی مردو بسەندرێت.

سەمیر دەكاك، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای دیمەشق بە رۆژنامەی وەتەنی نیمچە فەرمی سوریا راگەیاندووە "ئەنجومەنی پارێزگای دیمەشق بریاریداوە لەبەرامبەر دابینکردنی هەرگۆرێک، کەسوکاری مردوو ناچار دەکرێن بەتەرخانكردنی بڕە پارەیەك كە دەگاتە 8 هەزار دۆلاری ئەمریكی لە ژێرناوی(بەخشین بۆ بەرژەوەندی مردوان و هەژارانی موسوڵمان).

سەمیر دەكاك ئاماژەی بەوەداوە " هیچ گۆرێک نادرێت بە هاوڵاتیان ئەگەر ئەو پارەیە دابین نەكەن، كەس و كارەكەیشی ناتوانن مردووەكە بنێژن تا ئەو پارەیە نەبەخشن".

یوسف قەسیباتی كە ئەندامێكی تری ئەنجومەنی پارێزگای دیمەشقە بە ڕۆژنامەکەی راگەیاندووە "نوسینگەی ناشتنی مردوان هیچ گۆریك دابین ناكات، ئەگەر كەس و كاری مردووەكە بەڵگەنامەیەكی مردن نەهێنن کە پشتگیری موختارێک یان پزیشكێك یان نەخۆشخانەیەكی لەگەڵدا نەبێت".

یوسف قەسیباتی ئەوەشی وتوە " هەموو كەس دەزانێت بارودۆخی دەرونی كەس وكاری مردوو بەجۆرێكە ناتوانن ئەو رێوشوێنانە ئەنجام بدەن".

ئەوەش لە كاتێكدایە، تێكرای موچەی فەرمانبەرانی سوریا 50 دۆلار زیار تێپەر ناكات، دوای 8 ساڵ لە ململانێی خوێناویش کە زیاتر لە 400 هەزار هاوڵاتی كوژراون و 11 ملیۆن سوری ئاوارەن و ماڵی خۆیان جێهێشتووە، هەروەها لەو ماوەیەدا وێرانكارییەكی گەورە بەسەر ژێرخانی ئابوری و ئاوەدانی شار و گوندەكانی ئەو وڵاتەدا هاتووە، ئەوەش هانی خەڵكی سوریا دەدات مردوەكانیان لە باخچەكان یان ناوماڵەكانی خۆیاندا بنێژن.


PM:05:35:17/03/2019


ئه‌م بابه‌ته 2768 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت