لیژنه‌ی دارایی له‌ باره‌ی ناردنی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانه‌وه‌ له‌ لایه‌ن به‌غدا روونكردنه‌وه‌ ده‌دات

‌هێشتا ئەگەری یەکجاری لابردنی پاشەکەوتی مووچە نەڕەویوەتەوە

وێستگه‌ نیوز ـ

سه‌رۆكی لیژنه‌ی دارایی له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق روونكردنه‌وه‌ له‌ باره‌ی بودجه‌ی ته‌رخانكراوی هه‌رێم بۆ مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران روونكردنه‌وه‌ ده‌دات و رایده‌گه‌یه‌نێت، ئەو داوایەی ئاڕاستەی كۆمپانیای سۆمۆو وەزارەتی دارایی عیراق كراوە، مەترسی لەسەر 522 ملیار دینارەكە بۆ مووچەخۆران نابێت.

د. ئەحمەد سەفار، سەرۆكی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، بە میدیاكانی یه‌كێتی راگه‌یاند: یاسای بودجەی 2019 پەسەندكراوە و لە ئێستاشدا خراوەتەبواری جێبەجێكردنەوە، بۆیە بەهیچ شێوەیەك ناتوانرێت دەستكاری بكرێت.

ئه‌حمه‌د سه‌فار وتیشی: "ئەو مادەیەی لەیاسای بودجە ئاماژە بەئیستحاقی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان دەكات، لەسێ بڕگە پێكهاتووە، لە بڕگەی ئەلفی مادەی 10ی یاساكەدا ئاماژە بۆ ئەوە دەكات ئەگەر حكومەتی هەرێم نەوتەكەی رادەستبكات ئەوا مانگانە بودجەی هەرێم وەك خۆی رەوانەدەكرێت، كە رۆژانە 250 هەزار بەرمیلە".

ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا: "هەرچی بڕگەی با-ی یاساكەشە، تایبەتە بە مووچەی پێشمەرگە و بڕگەی جیم-یش باس لەوەدەكات ئەگەر حكومەتی هەرێم نەوتەكەی رادەست نەكرد، ئەوا مانگانە 522 ملیار دیناری  لەبەغداوە بۆ رەوانە دەكرێت تایبەت بە مووچەی فەرمانبەران و پێشمەرگە".

د. ئەحمەد سەفار ئاشكراشیكرد، ئەگەر داوا لەكۆمپانیای سۆمۆ و  وەزارەتی دارایی عیراقیش كرابێت تایبەت بە ناردنی مووچە و نەوتی هەرێم روونكردنەوە بدەن، هیچ مەترسییەك لەسەر ناردنی ئەو 522 ملیار دیناری مانگانەی بەغدا بۆ هەرێمی كوردستان نابێت و پارەكە وەك خۆی بەگوێرەی یاسای بودجە رەوانە دەكرێت.

ئەوەش لەكاتێكدا كە لەچەند رۆژی رابردوودا داوا لەكۆمپانیای سۆمۆ و وەزارەتی دارایی عیراق كراوە میكانیزم و ناردنی ئەو 522 ملیار دینارە بۆ هەرێمی كوردستان روونبكەنەوە.

رۆژی هه‌ینی 8ی ئازاری 2019، حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان لابردنی پاشه‌كه‌وتی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستانی راگه‌یاند، كه‌ ماوه‌ی سێ ساڵ بوو به‌هۆی قه‌یرانی داراییه‌وه‌ په‌یڕه‌وده‌كرا.

هــ. ر


PM:08:02:16/03/2019


ئه‌م بابه‌ته 25772 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو