په‌یامی كۆسره‌ت ره‌سوڵ بۆ یادی 31 ساڵه‌ی كیمیابارانكردنی هه‌ڵه‌بجه‌

‌كۆسره‌ت ره‌سوڵ عه‌لی

وێستگه‌ نیوزـ

جێگری سكرتێری گشتی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان له‌ 31ه‌مین ساڵیادی كیمابارانی هه‌ڵه‌به‌جه‌ له‌لایه‌ن سه‌رانی رژمێی به‌عسی روخاو دوپاتیكرده‌وه‌ كه‌ ئه‌ركی لایه‌نه‌سیاسییه‌كانه‌ بۆ خزمه‌تكردنی هه‌ڵه‌بجه‌ یه‌كده‌نگ و یه‌ك هه‌ڵوێست بن.

له‌ په‌یامه‌كه‌یدا كۆسره‌ت ره‌سوڵ عه‌لی، جێگری سكرتێری گشتی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان رایگه‌یاندوه‌: هەنگاوەكانی بەكردەیی بەپارێزگابوونی شارەكە دەستی پێكردووە، ئەركە لەسەرمان لەهێزو لایەنە سیاسییەكان یەكدەنگ و یەكهەڵوێست بین بۆ خزمەتی شارەكە و هەوڵی جدی بدەین بۆ بەجینۆسایدناساندنی ئەو تاوانە لەئاستی نێودەوڵەتی و قەرەبووكردنەوەی زیانلێكەوتووانی شارەكە.

ده‌فی په‌یامه‌كه‌ی كۆسرەت ره‌سوڵ عه‌لی:

‎كەسوكاری سەربەرزی شەهیدانی كیمیابارانی هەڵەبجە
‎قوربانیان و بریندارانی كیمیابارانی هەڵەبجە
‎هاونیشتمانیانی هەڵەبجەی پایتەختی ئاشتی

‎31 ساڵ لەمەوبەر بە چەكی كیمیاوی ڕژێمی فاشیست و دیكتاتۆری بەعس شاری هەڵەبجەی قارەمانی كیمیابارانكرد و لە ماوەیەكی یەكجار كەمدا 5000 هاونیشتمانی كوردی شەهید كردو ژمارەیەكی زۆریش لە هاووڵاتیان  بریندار بوون، لەم ساڵڕۆژە خەمناكەدا سەری ڕێزو نەوازش بۆ شەهیدانی كیمیابارانی هەڵەبجە دادەنوێنم و دەخوازم هەموومان بتوانین خزمەتی هەڵەبجەو هەڵەبجەییەكان بكەین.

‎ئەوێ ڕۆژێ، ڕژێمی دیكتاتۆری بەعس نەوەستا و بەهەموو شێوەیەك هەوڵی پاكتاوكردن و لەناوبردنی گەلی كوردی دەدا، لەم پێناوەدا بە دڕندانەترین شێوە تاوانەكانی ئەنفال، كیمیابارانكردن، تەعریب و تەبعیس و تەرحیل، گرتن و ئەشكەنجەدان و لەسێدارەدان و كوشتن بەرامبەر گەلی كوردو خەباتە ڕەواكەی ئەنجام دەدا، بەڵام خەباتی گەلی كورد بەردەوام بوو تا لەبەهاری 1991 و دواتر لە ساڵی 2003 بە یەكجارەكی ڕژێمی بەعس  لەناوچوو.

‎ئەمڕۆ كە هەڵەبجە پایتەختی ئاشتی هەرێمی كوردستانە و هەنگاوەكانی بەكردەیی بەپارێزگابوونی شارەكە دەستی پێكردووە، ئەركە لەسەرمان لەهێزو لایەنە سیاسییەكان یەكدەنگ و یەكهەڵوێست بین بۆ خزمەتی شارەكە و هەوڵی جدی بدەین بۆ بەجینۆسایدناساندنی ئەو تاوانە لەئاستی نێودەوڵەتی و قەرەبووكردنەوەی زیانلێكەوتووانی شارەكە.

‎هاوكات ئەركە لەسەر حكومەتی هەرێمی كوردستان و لایەنە پەیوەندیدارەكان بەهاوكاری و هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان پلان و بەرنامەی وردیان هەبێ بۆ ئاوەدانكردنەوەی شارەكە و خزمەتكردنی زیاتری هەڵەبجەو هەڵەبجەییەكان و چارەسەركردنی بەركەوتووانی چەكی كیمیاوی و قەرەبووكردنەوەی زیانلێكەوتووانی ئەم تاوانە دڕندانەیە.

‎هەزاران سڵاوو دروود بۆ گیانی پاكی شەهیدانی كوردو كوردستان

‎كۆسرەت ڕەسول عەلی
‎جێگری سكرتێری گشتی
‎یەكێتی نیشتمانی كوردستان


PM:09:30:15/03/2019


ئه‌م بابه‌ته 1212 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت