یەکەم گۆڕی بەکۆمەڵی کوردانی ئێزدی لە گوندی کۆچۆ هەڵدەدرێتەوە


وێستگەنیوز-

یەکەمین گۆڕی بەکۆمەڵی کوردانی ئێزدی لە گوندی کۆچۆی سەر بە شەنگال هەڵدەدرێتەوە.

 

رۆژی هەینی 15ی ئازاری 2019 بەهەماهەنگی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق یەکەم گۆڕی بەکۆمەڵی کوردانی ئێزدی لە گوندی کۆچۆ هەڵدەدرێتەوە.

ئەمەش یەکێک بووە لە داواکارییەکانی کوردانی ئێزدی بۆ یەکلاییبوونەوەی چارەنووسی کەسوکارەکانیان کە لە دوای هێرشی چەکدارانی داعش لە ساڵی 2014 بۆسەر ئەو گوندە بەشێکیان هێشتا بێسەروشوێنن
.

 

كۆچۆ یەكێكە لە گوندەكانی سنووری شنگال و 23 کم لە باشووری رۆژئاوای شارەکەوە دوورە. لە 3-8-2014دا و لەکاتی هێرشی داعشدا بۆ سەر باشووری کوردستان، گوندی كۆچۆ لەلایەن داعشەوە کۆنترۆڵکرا و دواتر چەکدارەکانی ئەو رێکخراوە تووندئاژۆیە کۆمەڵکوژییان لە گوندەکە ئەنجامدا.

 

داعش 1030 کەس لە دانیشتووانی کۆچۆی بێسەروشوێن کردووە یان کوشتونی، تاوەکو ئێستا 120 ژن و کچی دانیشتووی کۆچۆ رزگارکراون، پێش هێرشی داعش، ژمارەی خێزانەكانی کۆچۆ نزیکەی 340 خێزان بوون کە لە نزیکەی 1600 كەس پێکهاتبوون.

لە هێرشەکەی داعشدا نزیکەی 520 پیاو و 510 ژن کوژران و بێسەروشوێن بوون و نزیکەی 300 پیاو و 270 ژنیش رزگاریان بوو
.

 

هەڵدانەوەی یەکەمین گۆڕی بەکۆمەڵی کوردانی ئێزدی لە کۆچۆ لەکاتێکدایە، لە کانوونی یەکەمی 2017دا سەرۆکوەزیرانی ئەو کاتەی عێراق کۆنترۆڵکردنی خاکی ئەو وڵاتەی لە دەستی داعش راگەیاند.


 

بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کاروباری ئێزدییەکان لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی هەرێمی کوردستان، لەماوەی رابردوودا سێ هەزار و 371 کوردی ئێزدی لەدەستی داعش رزگارکراون و تاوەکو ئێستاش سێ هەزار و 46 کەس چارەنووسیان دیارنییە.

هــ. ب


PM:01:10:15/03/2019


ئه‌م بابه‌ته 296 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت