كۆسره‌ت ره‌سوڵ له‌گه‌ڵ په‌رله‌مانتارانی یه‌كێتی كۆبوه‌وه‌

‌دیمەنێک لە کۆبونەوەکە

وێستگه‌ نیوزـ

جێگری سكرتێری گشتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان  لە شاری سلێمانی لەگەڵ په‌رله‌مانتارنی فراكسیۆنی یه‌كێتی له‌ پەرلەمانی كوردستان كۆبوەوە.

میدیای فه‌رمیی یه‌كێتی بڵاویكرده‌وه‌: لە سەرەتای كۆبوونەوەكەدا كۆسرەت رەسوڵ عەلی، جێگری سكرتێری گشتی یەكێتی  به‌رچاورونیی دایه‌ پەرلەمانتارانی یەكێتی لە خەباتی نوێی پەرلەمانی و چۆنێتی داكۆكیكردن  لە ماف و داخوازییەكانی كۆمەڵانی خەڵك و ده‌ركردنی ئه‌و یاسایانه‌ی لە خزمەت بەرژەوەندی گشتیدان، راشیسپاردن هەمیشە  لە سەنگەری خەڵكدا بن و پارێزەری بەدیهێنانی داواكارییەكانیان بن.

لە بەشێكی دیكەی وتەكانیدا جێگری سكرتێری گشتی هەڵوێستەی لەسەر هەوڵەكانی پێكهێنانی حكومەتی نوێی هەرێم و كۆبوونەوەكانیان لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان كرد و  سوربوونی یەكێتیشی لەسەر داخوازییە رەواكانی و ئیستحقاقاتی هەڵبژاردن دووپاتكردەوە.

كۆسره‌ت ره‌سوڵ راشیگەیاندوه‌: داوای یەكێتیی بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی هەرێم و كەركوك و بەغدا  لە یەك پاكێجدایەو دەمانەوێت ئەم پرسانە  لە روانگەی نیشتمانیی و بەرژەوەندی گشتی و هاوسەنگی هێز چارەسەربكرێن و شەراكەتی راستەقینەش لە تەواوی جومگەكانی هەرێم رەنگبداتەوە.

هەر لە كۆبونەوەكەدا عومەر فەتاح و حاكم قادر حەمەجان كه‌ ئاماده‌ی كۆبونه‌وه‌كه‌ بوون، باری سەرنج و وه‌ره‌قه‌ی سیاسی وەفدی دانوستانكاری یەكێتییان لە چوارچێوەی رێككەوتنی سیاسی یەكێتی و پارتی خستەڕو، تەئیكیدیشیانكردەوە لەسەر بڕیارو راسپاردە پەسەنكراوه‌كانی ئەنجومەنی سەركردایەتی.

دواتر پەرلەمانتارانی یەكێتی  تێبینی و سەرنجەكانیان بە راشكاوی خستەرو و  رونیانكردەوە  ھەڵوێست و بڕیارەكانیان  پەیوەستە بە بەرژەوەندی گشتی و بڕیاری سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستانه‌وه‌.


PM:11:24:14/03/2019


ئه‌م بابه‌ته 2320 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت