هۆشیار زێباری: ناوی چوار وه‌زاره‌تی خۆمان به‌ یه‌كێتی راگه‌یاندووه‌

‌هۆشیار زێباری

وێستگه‌ نیوز ـ
هۆشیار زێباری، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتیی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند، دەیانەوێت تا کۆتایی ئەم مانگە حکومەت پێکبهێنرێت و ئەو پەیامەشیان بە یەکێتی راگەیاندووە.


هۆشیار زێباری، لەکاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ، شه‌وی رابردوو رایگەیاند: "بەشداری یەکێتی لە حکومەت گرنگە و پارتی پێش هەموو لایەنەکان سەردانی یەکێتی کردووە و دەیەوێ یەکێتی سەربەرزانە بەشداربێت، دەشیەوێ پارتی، یەکێتی و گۆڕان پێکهێنەری سەرەکی حکومەت بن، بەڵام ئەوە مانای ئەوە نییە کە کات کراوەیە، چونكه‌ ناکرێت کەسانێک ئەم پرۆسەیە وەک رەهینە وەربگرن و ئیفلیجی بکەن، ئەوە لە بەرژەوەندی کەسدا نییە".

لەبارەی پۆستی لایەنەکان لە حکومەت، هۆشیار زێباری رایگەیاندووه‌، لەگەڵ گۆڕان گەیشتوونەتە رێککەوتن و پۆستەکانیان ئاشکرایە، لەگەڵ یەکێتیش گفتوگۆکانیان بەردەوامن.

وتیشی: "لەو چوارچێوەیەشدا لە کۆبوونەوەی رۆژی سێشەممە 12ی ئازاری 2019، پارتی بە یەکێتی وتووە بە پێویستی دەزانین وەزارەتەکانی ناوخۆ، سامانە سرووشتییەکان، شارەوانی و تاڕادەیەکی زۆریش تەندروستی بۆ پارتی بن، لەبارەی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستانیش پێمان وتن یەکێتی هەقی خۆیەتی بەشداربێت و پێشتریش بەرپرسی ئاسایشی گشتی یەکێتی بووە، کە بەکارتان نەهێناوە، لە بواری ئەمنیشدا وەزارەتی پێشمەرگە و لە بواری ئابووریشدا وەزارەتی پلاندانان وەربگرن. لە فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەش دەتوانن جێگریان هەبێت".

هۆشیار زێباری وتیشی: "گۆڕانکاری لە داخوازییەکانی یەکێتیدا هەبوو، کە هەمووی قابیلی دانوستاندنە، یەکێک لەوانە ئەوەبوو کە بۆچی پارتی سەرۆکی پەرلەمانی بۆ یەکێتی دەستنیشانکردووە، ئێمەش وتمان ئەگەر ناتانەوێت بیردەکەینەوە لە پۆستێکی دیکە قەرەبووتان دەکەینەوە، ئەوان وتیان دەکرێت جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان هەبێت، هەروەها لەسەر وەزارەتەکانیشیان تێبینیان هەبوو".

هۆشیار زێباری دەڵێت، "پارتی دەیەوێت تا کۆتایی ئەم مانگە لەگەڵ یەکێتی بگەنە رێککەوتن و حکومەتی نوێ پێکبهێنرێت، چونکە خەڵک مافی خۆیەتی کە دەنگی داوە، بەرهەمەکەی ببینێت و پەرلەمان و حکومەت دەست بە کارەکانیان بکەن".

سەبارەت بە سەردانەکەی بۆ بەغدا بۆ بەشداریکردن لە كۆبوونه‌وه‌ی راوێژكاری نیشتمانی له‌سه‌ر بانگهێشتی به‌رهه‌م ساڵح، سه‌رۆك كۆماری عیراق، هۆشیار زێباری رایگەیاند، وەک نوێنەری پارتی بەشداری کۆبوونەوەکەی کردووە.

لەبارەی پەیامی پارتی بۆ بەرهەم ساڵح، هۆشیار زێباری وتی: "پەیامی ئێمە ئەوەبوو، کە جەنابی سەرۆک کۆمار دەبێ کێشەی خۆی لەبارەی پێشوازی لێنەکردن لە هەرێمی کوردستان تێکەڵ بە پێکهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان نەکات، چونکە کات چارەسەری کێشەی جەنابت (بەرهەم ساڵح) دەکات، هەرکاتیش حکومەتمان پێکهێنا دەتوانین سەرۆکایەتییەکانی عیراق بانگهێشت بکەین بۆ ئەو رێوڕەسمە و جەنابیشت یەکێک دەبیت لەوانە".

هــ. ر


AM:09:04:14/03/2019


ئه‌م بابه‌ته 20192 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو