ئاسایش زانیاری لەسەر سەرۆکی باندی دزینی پارەی نەخۆشخانەی شار بڵاوکردەوە


وێستگه‌ نیوز ـ
بەڕێوەبەری ئاسایشی سلێمانی ئاشکرایکرد، سەرۆکی باندەکە پێشتر تەقەی لە ماڵان و یانەکان کردووە، لە چاکسازیی گەوران ھەڵاتووە و لە زاخۆ دەستگیرکراوەتەوە.


حەسەن نوری، بەڕێوەبەری ئاسایشی سلێمانی بە میدیای یەکێتی راگەیاندووه‌، سەرۆکی باندەکە پێشتر چەند جارێک لەسەر تاوانی دیکە بە تایبەتی کوشتن لە لایەن پۆلیس و ئاسایش دەستگیرکراوە، پێشتریش تەقەی لەماڵان و یانەکان کردووە و لە چاکسازیی گەوران ھەڵاتووە بەڵام لە زاخۆ دەستگیرکراوەتەوە.

ئەوەشی خستەڕوو، سەرۆکی باندی دزینی مووچەی فەرمانبەرانی نەخۆشخانەی شار پێشتر بەرنامەی داڕشتووە و لە لایەن کارمەندێکی بانکەوە زانیاریان پێدراوە.

ئاشکراشیکرد، سەرۆکی باندەکە ئۆتۆمبێلەکەی لە رێگەی فەیسبووکەوە کڕیوە.

حەسەن نوری دەربارەی تاوانبارەکانی دیکە ئاماژەی بەوەکردووه‌، چوار لە تۆمەتبارەکان پێشتر حکومدراون و شەش  کەسیان پێشینەی تاوانکارییان ھەیە.

بەڕێوەبەری ئاسایشی سلێمانی شێوازی دزینەکەی ئاشکراکرد و وتی، "دوای ئەوەی باندەکە پارەکەیان لە جێگەیەک شاردووەتەوە، بۆ ئەوەی گومانیان لێنەکرێت هەریەکەیان بۆ شوێنێک رۆیشتوون، پیلانەکەش بەر لە دوو مانگ و بە وردیی داڕێژراوە.

وتیشی، "یەکێک لە کارمەندەکانی نەخۆشخانەکە پەیوەندی بەگروپەکەوە ھەبووە و لێکۆڵینەوە لەگەلێدا بەردەوامە، تا پشتڕاست بکرێتەوە ئەو کەسە بە مەبەست زانیارییەکانی داوە بە گروپەکە یان بێ مەبەست بووە، وردەکاریی ئاشکراکردنی ئەو راستییەش بەجێھێڵراوە بۆ دادگا".

ئەمەش لە کاتێکدایە، رۆژی سێشەممە 12ی ئازاری 2019 لەنزیک شەقامی ئیبراھیم پاشای شاری سلێمانی، لەلایەن چەند چەکدارێکی نەناسراوەوە زیاتر لە ملیارێک دیناری مووچەی کارمەندانی نەخۆشخانەی شار دزرا و سەرلەبەیانی دوێنێ چوارشه‌ممه‌ بەڕێوەبەری ئاسایشی سلێمانی لە کۆنفرانسێکی‌ رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند، ئەو باندەی‌ پارەکەیان رفاندبوو حەوت کەس بوون و دانیان بەتاوانەکەیاندا ناوە.

هــ. ر


AM:08:49:14/03/2019


ئه‌م بابه‌ته 10244 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو