ڕۆحانی: ئارامی عێراق گرەنتی ئارامی ناوچەكەیە


وێستگەنیوز-

سەرۆک کۆماری ئێران ڕایدەگەێنێت "وڵاتەکەی دەیەوێت پەیوەندییە ئابورییەکانی لەگەڵ عیراق بەهێزتر بکات".

ئەمڕۆ دوشەممە حەسەن ڕۆحانی سەرۆك كۆماری ئێران سەردانی عیراقی کرد و لەگەڵ د. بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق‌ کۆبوەوە.

حەسەن ڕۆحانی لەمیانی كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لەگەڵ هاوتا عیراقییەکەی لە كۆشكی سەلام ڕایگەیاند "هیچ دژایەتییەكمان لەگفتوگۆكانماندا لەگەڵ سەرۆك كۆماری عێراق نەبینیوە و ئەم دو وڵاتە پەیوەندییەكی هەزاران ساڵە هەیە لەنێوانیان و هەروەها هەوڵیش دەدەین پەیوەندی ئابوری نیوانمان باشتر بێت بەتایبەتی لەپرۆژەی بانكی‌ و نەوت و غاز و خزمەتگوزاری كارەبا و رێگاوبان و سنوورەكان و كشتوكاڵی و وەبەرهینان".

ڕۆحانی ئاماژەی بەوەدا "عێراق وڵاتێكی گرنگە بۆ ئێمە و دەخوازین لەگەڵ عێراق پێکەوە بین‌ و بونمان پێکەوە لەدژی هیچ لایەكیش نەبێت، بەڵكو بۆ بەرژەوەندی ناوچەكە بێت".

سەرۆک کۆماری ئێران وتیشی " بۆ ئێمە گرنگە عێراق وڵاتیكی ئارام بێت، چونکە ئارامی عێراق گرەنتی ئارامی ناوچەكەیە".

شاندی ئێران ئەمڕۆ دوو شەممە سەردانی بەغدای كرد و بڕیارە جگە لەكۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆك كۆماری عێراق، لەگەڵ هەریەکە لە د.عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیران‌ و محەممەد حەلبوسی سەرۆكی پەرلەمان كۆبوونەوە ئەنجام بدەن.

هــ. ب


PM:04:40:11/03/2019


ئه‌م بابه‌ته 1400 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت