وته‌بێژی‌ یه‌كێتی‌: پرۆژه‌یه‌كی‌ سێ‌ پاكێجیمان بۆ رێكه‌وتن له‌گه‌ڵ‌ پارتی‌ ئاماده‌كردووه‌

‌له‌تیف شێخ عومه‌ر

وێستگه‌ نیوز  -
وته‌بێژی‌ یه‌كێتی‌ نیشتمانی‌ كوردستان رایگه‌یاند كه‌ پرۆژه‌یه‌كی‌ سیاسیمان هه‌یه‌ بۆ رێكه‌وتن له‌گه‌ڵ‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان كه‌ سێ‌ پاكێجی‌ تێدایه‌، ئاماژه‌شی‌ به‌وه‌دا كه‌ پێده‌چێت له‌ ماوه‌یه‌كی‌ نزیكدا مه‌كته‌بی‌ سیاسی‌ حزبه‌كه‌ی‌ له‌گه‌ڵ‌ مه‌كته‌بی‌ سیاسی‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان كۆببێته‌وه‌.

سه‌رله‌ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 23ی‌ شوبات كۆبونه‌وه‌ی مه‌كته‌بی سیاسیی یه‌كێتی نیشتمانی کوردستان لە شاری سلێمانی ده‌ستپێكرد به‌مه‌به‌ستی‌ تاوتوێكردنی‌ هه‌نگاوه‌كانی داهاتووی بۆ گفتوگۆكردن له‌گه‌ڵ پارتی دیموكراتی كوردستان.

كه‌مێك له‌مه‌وبه‌ر كۆبوونه‌كه‌ی‌ كۆتایی هات و له‌تیف شێخ عومه‌ر وته‌بێژی‌ یه‌كێتی‌ نیشتمانی‌ كوردستان ناوه‌ڕۆكی‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ی‌ راگه‌یاند.

له‌تیف شێخ عومه‌ر وتی‌: "ئێواره‌ی‌ ئه‌مڕۆ مه‌كته‌بی‌ سیاسی‌ به‌ سه‌رپه‌رشتی‌ كۆسره‌ت ره‌سول كۆبۆوه‌ بۆ تاووتوێكردنی‌ ئه‌و پێشهاتانه‌ی‌ ئێستا له‌به‌رده‌مماندایه‌ و ئه‌و كێشانه‌ی‌ هه‌رێمه‌كه‌مان به‌ده‌ستیه‌وه‌ ده‌ناڵێنێت".

ئاماژه‌شی‌ به‌وه‌دا كه‌ "نامه‌یه‌كی‌ دۆستانه‌ له‌ مه‌سعود بارزانی‌ سه‌رۆكی‌ پارتی‌ بۆ كۆسره‌ت ره‌سوڵ‌ هاتبوو، مه‌كته‌بی‌ سیاسی‌  به‌ڕێزه‌وه‌ وه‌ریگرت و جێگری‌ سكرتێری‌ گشتی‌ نامه‌یه‌كی‌ به‌هه‌مان نه‌فه‌سی‌ دۆستانه‌ و له‌ رۆشنایی به‌رژه‌وه‌ندی‌ گشتیدا بۆ سه‌رۆكی‌ پارتی‌ نووسیوه‌ته‌وه‌".

وتیشی‌: "واپێده‌چێت به‌منزیكانه‌ هه‌ردوو مه‌كته‌بی‌ سیاسی‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان و یه‌كێتی‌ نیشتمانی‌ كوردستان كۆببنه‌وه‌".

ئه‌وه‌شی‌ خسته‌ڕوو كه‌ "له‌ كۆبوونه‌وه‌ی‌ مه‌كته‌بی‌ سیاسی‌ هه‌ڵوێستی‌ یه‌كێتی‌ نیشتمانی‌ كوردستان دووپاتكرایه‌وه‌ كه‌ ئێمه‌ پرۆژه‌یه‌كی‌ سیاسیمان هه‌یه‌ بۆ رێكه‌وتن كه‌ سێ‌ پاكێجی‌ تێدایه‌".

وته‌بێژی‌ یه‌كێتی‌ روونیشیكرده‌وه‌ كه‌ "مه‌كته‌بی‌ سیاسی‌ له‌ دانیشتندا له‌ چوارچێوه‌ی‌ بڕیاره‌كانی‌ سه‌ركردایه‌تی‌ و پرۆژه‌ سیاسییه‌كه‌ماندا ورده‌كارییه‌كه‌ی‌ به‌براده‌رانی‌ پارتی‌ راده‌گه‌یه‌نێت".


PM:07:05:23/02/2019


ئه‌م بابه‌ته 2920 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت