داعش سەرکردەیەکی بە رەچەڵەک عیراقیی خۆی لەسێدارەدا

‌داعش سەرکردەیەکی بە رەچەڵەک عیراقیی خۆی لەسێدارەدا

وێستگه‌ نیوز ـ
روانگەی مافی مرۆڤی سوریا ئاشکرایکرد، رێکخراوی داعش یەکێک لە سەرکردەکانی لە ریزی دووەمی رێکخراوەکە لەسێدارەداوە، کە خاوەنی رەگەزنامەی عیراقییە.

روانگەی مافی مرۆڤی سوریا لە بەیاننامەیەکدا ئەمڕۆ هەینی 22ی شوباتی 2019، بڵاویکردەوە، رێکخراوی داعش لەسەر ئاگادارکردنەوەی هاوڵاتیانی مەدەنی و ئەوانەش کە لەناو باخەکانی ناوچەیەکی رۆژهەڵاتی فوڕاتدا مابوون و خۆیان حەشاردابوو، بۆئەوەی بێنە دەرەوە و خۆیان رادەستی هێزەکانی سوریای دیموکرات بکەن، ئەو سەرکردەی خۆی لەسێدارەداوە.

رێکخراوەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەو سەرکردەی داعش لە پەیکەری داعشدا لە رێزی دووەمی رێکخراوەکەدایە و رەگەزنامەی عیراقیی هەیە.

لە بەشێکی تری بەیاننامەکەدا هاتووە، رێکخراوی داعش لە هەوڵی مانەوەی خۆیدایە لەو ناوچانەی کە هێشتا لە رۆژهەڵاتی فوڕات بەدەستییەوە ماون، بۆئەوەی بتوانێت لە رێگەی ڕێککەتنێکەوە بگوێزێتەوە بۆ ناوچەیەکی ئارام، بەتایبەت لەکاتێکدایە دەوڵەتان رەتیدەکەنەوە پێشوازی لەو چەکدارانە بکەن کە تا ئێستا لە ریزی رێکخراوەکەدا شەڕ دەکەن.

لە بەشێک لە ناوچەکانی ژێر دەستی داعش، ئەو رێکخراوە بەشێک لە هاوڵاتیانی مەدەنی وەک قەڵغانی مرۆیی بەکاردەهێنێت بۆئەوەی بتوانێت بەردەوامی بە مانەوەی خۆی بدات.

هــ. ر


PM:09:27:22/02/2019


ئه‌م بابه‌ته 2148 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو