پۆلیسی سلێمانی: دوو تۆمه‌تبار به‌دزینی 60 سه‌ر ئاژه‌ڵ ده‌ستگیركران


وێستگه‌ نیوزـ

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی پۆلیسی سلێمانی رایگه‌یاند كه‌ مه‌فره‌زه‌كانی‌ بنكه‌ی‌ پۆلیسی‌ وارماوا‌ی‌ سه‌ر به‌به‌رێوه‌به‌رایه‌تییه‌كه‌یان له‌ماوه‌ی‌ 20 رۆژی‌ رابردودا له‌چه‌ند چالاكییه‌كی‌ جیاجیادا و به‌تۆمه‌تی‌ ئه‌نجامدانی‌ چه‌ند تاوانێكی‌ جۆراوجۆر، 28 تۆمه‌تباریان ده‌ستگیركردوه‌.

له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی پۆلیسی سلێمانی ئاشكرایكرد: پاش تۆماركردنی‌ سكاڵای‌ یاسایی له‌لایه‌ن هاوڵاتییه‌كه‌وه‌ كه لەسنوری ناحیەی وارماوا‌ 60 سه‌ر ئاژه‌ڵی‌ لێدزرابوو، هێزه‌كانی‌ پۆلیسی‌ ناحیه‌ی‌ وارماوه‌ ده‌ستیانكرد به‌كۆكردنه‌وه‌ی‌ زانیاری‌‌و لێكۆڵینه‌وه‌كانیان ده‌ستپێكرد، له‌ئه‌نجامدا توانیان دوو تۆمه‌تبار ده‌ستگیر بكه‌ن ‌و له‌به‌رده‌م دادوه‌ردا دانیاننا به‌تاوانه‌كه‌یاندا.

راشیگه‌یاندوه‌ كه‌ پۆلیسی وارماوا ده‌ستیگرتوه‌ به‌سه‌ر ئه‌و ئۆتۆمبیله‌ی‌ تۆمه‌تباران كە له‌كاتی‌ ئه‌نجامدانی‌ تاوانه‌كه‌یاندا به‌كاریانهێناوه‌ و له‌ئێستاشدا هه‌ردو تۆمه‌تبار به‌پێی‌ ماده‌ی‌ 443 له‌یاسای‌ سزادان عیراقی‌ به‌ندن.

هه‌ر له‌درێژه‌ی‌ چالاكییه‌كانی‌ بنكه‌ی‌ پۆلیسی‌ وارماوا‌، له‌ماوه‌ی‌ 20 رۆژی‌ رابردودا به‌تۆمه‌تی‌ ئه‌نجامدانی‌ چه‌ند تاوانێكی‌ جۆراوجۆر، 28 تۆمه‌تبار به‌پێی‌ ماده‌كانی‌ (457، 289، 11ی‌ زیاده‌ڕه‌وی‌، 229) له‌یاسای‌ سزادان ده‌ستگیركران.


PM:06:34:21/02/2019






ئه‌م بابه‌ته 1688 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت