ئەڵمانیا.. كوردێك له‌ بەردەم دادگایەکدا دژی گۆشه‌گیریی سه‌ر ئۆجالان خۆی سووتاند


وێستگەنیوز-



كوردێكی دانیشتووی ئه‌ڵمانیا به‌ ناوی ئووغوور شاكار له‌ به‌رده‌م دادگه‌ی شاری كریفێلد-ی ئه‌ڵمانیا دژی گۆشه‌گیریی سه‌ر عه‌بدوڵا ئۆجالان ڕێبه‌ری پارتی کرێکارانی کوردستان پەکەکە خۆی سووتاند.


كوردێكی دانیشتووی ئه‌ڵمانیا به‌ ناوی ئووغوور شاكار كه‌ ته‌مه‌نی ٤٠ ساڵانه‌ و خه‌ڵكی شاری دێرسم-ی باكووری كوردستانه‌، ڕۆژی چوارشەممە كاتژمێر ١٠ی پێشنیوەڕۆ له به‌رده‌م دادگه‌ی‌ شاری كریفێلد بۆ ئیدانه‌كردنی گۆشه‌گیریی سه‌ر عه‌بدوڵا ئۆجالان خۆی سووتاند.

 

به‌ گوێره‌ی زانیارییه‌كان "شاكار له‌ به‌رده‌م دادگه‌ به‌نزینی به‌خۆیدا كردووه‌ و خۆی سووتاندووه‌ و ناوبراو ڕه‌وانه‌ی نه‌خۆشخانه‌ كراوه‌ و باری ته‌ندرووستی ناجێگیره.‌


ئووغوور شاكار به‌ر له‌ خۆسوووتاندن كاتژمێر ٩ نامه‌یه‌كی به‌ هاوڕێیه‌كی خۆی داوه‌ كه‌ ئه‌مه‌ ئاژانسی فورات نیوز بڵاویکردووەتەوە.

دەقی نامەکە....

 

هاوڕێیانی هێژا،

 

من گۆشه‌گیریی سه‌ر ڕێبه‌ر ئاپۆ ئیدانه‌ ده‌كه‌م و سڵاو له‌ هاوڕێیه‌ چالاكگه‌ره‌كانم ده‌كه‌م؛ ئه‌وانه‌ی ئه‌وه‌نده‌ ژیانیان خۆشده‌وێ كه‌ ئاماده‌ن له‌پێناویدا بمرن.

 

بزووتنه‌وه‌ی په‌كه‌كه‌ فه‌لسه‌فه‌ی «به‌رخۆدان ژیانه‌»ی فێری ئێمه‌ كرد، ئێمه‌ له‌ هه‌ر شوێنێك بین، پێویسته‌ به‌رخۆدان بكه‌ین، باوه‌ڕم وایه‌ چالاكییه‌كی گه‌وره‌ ئه‌نجام ده‌ده‌م له‌ دژی ئه‌و هێزانه‌ی ده‌یانه‌وێت و هه‌وڵ ده‌ده‌ن به‌ پیلانگێڕیی نێوده‌وڵه‌تی گه‌لی كورد له‌ناوببه‌ن.

 

من ئیدانه‌ی وه‌ڵاتانی ئه‌ورووپاش ده‌كه‌م كه‌ گوایه‌ لانكه‌ی دیموكراتین، هه‌روه‌ها ئیدانه‌ی مۆدێرنیته‌ی سه‌رمایه‌داری ده‌كه‌م كه‌ چاو، گوێ و زمانی خۆیان له‌ به‌رانبه‌ر چالاكیی ئه‌و هاوڕێیانه‌م داده‌خه‌ن كه‌ له‌ به‌رده‌م سی پی تی له‌ چالاكیدان، من تووندوتیژیی پۆلیسی ئه‌ڵمانیا و فشاره‌كانی له‌سه‌ر كوردان به‌نه‌فره‌ت ده‌كه‌م.

 

له‌ بری ئه‌وه‌ی ئێمه‌ وه‌ك كۆیله‌ بژین، بانگی هه‌موو كوردان ده‌كه‌م كه‌ له‌پێناو ژیانی ئازاد شه‌ڕ بكه‌ین.

 

ئێمه‌ سه‌رده‌كه‌وین.

 

ئێمه‌ له‌ ده‌وری ئه‌و چالاكانه‌ی مانگرتن له‌ خواردن‌ ده‌بینه‌ چه‌په‌ر كه‌ له‌ ده‌وری ڕێبه‌رایه‌تیی ئێمه‌ بوونه‌ته‌ چه‌په‌ر.

بێ سه‌رۆك ژیان نابێ.

بژی سه‌رۆك ئاپۆ

هه‌ڤاڵ ئووغوور

 

ئەوەش دوای ئەوە دێت کە ماوەی دوساڵ و نیوە دوای کودەتا شکخستخواردووەکەی تەمموزی ٢٠١٦ حکومەتی تورکیا گۆشەگیری توندی خستووەتە سەر عەبدوڵا ئۆجەلان و ڕێگا نادات نەپارێزەکانی نە ئەندامانی خێزانەکەی بیبینن.

بەهۆیەشەوە لە باشور و باکور و ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بەشێکی زۆر لە وڵاتانی جیهان بەچەندەها جۆر چالاکیی جیاوازیان بۆ لادانی گۆشەگیری لەسەر ئۆجەلان دەسپێکردووە، کەبەشێک لەچالاکییەکان مانگرتنە لەخواردن کە کەسێکی وەکو لەیلا گۆڤەنی هاوسەرۆکی کەجەدە، ماوەی زیاتر لە ١٠٥ ڕۆژە مانی لەخواردنگرتوە مەترسی تەواو لەسەر ژیانی هەیە.

هــ. ب


 


PM:12:10:21/02/2019






ئه‌م بابه‌ته 2520 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت