دووەمین دادگاییکردنی سەرۆکی حکومەت و جێگرەکەی لەسەر سکاڵای فەرمابەرەکە بەڕێوەچو


وێستگەنیوز-

دووەمین دانیشتن لەسەر دۆسیەی سکاڵای فەرمانبەرێکی حکومەت لەسەر سەرۆکی حکومەت و جێگری سەرۆکی حکومەت بەڕێوەچو.

ڕۆژی چوارشەممە ٢٠ شوباتی ٢٠١٩ لە نوسینگەی ئەنجومەنی شورای هەرێم لەناو وەزارەتی داد لەشاری هەولێر دووەمین دانیشتنی دادگاییکردنی کەسی یەکەم و دووەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەهۆی بڕیاری پاشەکەوتی موچەی فەرمانبەران بەڕێوەچو".

ئالان ساحێبقڕان ئەو فەرمانبەرەی کە سکاڵای لەسەرنێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت تۆمارکردوە بە وێستگەنیوزی ڕاگەیاند "لەدووەمین دانیشتنیدا کەڕۆژی چوارشەممە بەڕێوەچو، دوبارە هیچ کام لە دولایەنی سکاڵالێکراو سەرۆکی حکومەت و جێگرەکەی و تەنانەت نوێنەر و پارێزەرەکانیشیان ئامادە نەبون لەبەردەم دادگا هەرچەندە بەفەرمی ئاگاداکرابونەوە، ئەوەش نیشانەی باوەڕنەبونیانە بە دادگا".

ئالان ساحێبقڕان ئاماژەی بەوەشدا "لەدانیشتنەکەی ڕۆژی چوارشەممدا بەداخەوە دادگا دۆسییەکی داخست بەو بیانوی ئەوەی کە من هیچ بەڵگەیەک یان نوسراوێکی فەرمی حکومیم پێنیە ئاماژە بەوەبکات کە بڕیاری هەریەکە لە دوو سکاڵا لێکراو فرمانی پاشەکەوتکردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم دەرچوێنرابێت".

ئەو فەرمابەرە ئاماژەی بەوەشدا "دادگا داوای نوسراوێکی کردووە لە من کە بونی نییە و تەنها هۆکاری داواکردنی ئەو بەڵگەنامەیەش بۆ داخستنی سکاڵاکەی من بووە".

ئەو فەرمانبەرە وتیشی "لەماوەی چوار ساڵی ڕابردودا کە ملیاران دیناری فەرمانبەرانی هەرێم لەلایەن حکومەتەوە لەموچەکانیان بڕدراوە بەناوی پاشەکەوتەوە هیچ نوسراوێکی فەرمی نەبووە بۆ ئەو لێبڕین و پاشەکەوتە واتە هیچ بڕیارێکی فەرمی نوسراوی حکومی نەبووە و کارەکە تەواو نایاسایی بووە، بەڵکو خودی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکومەت بەهاوکاری وەزیری دارایی لەڕێگای پەیوەندی تەلەفۆنییەوە واتە بە شەفەیی بڕیارەکانیان بە خەزێنەکانی حکومەتی هەرێم ڕاگەیاندوە ولەڕێگای ئەوانەوە داوایان لە فەرمانگەکانی هەرێم کردوە کە لیستی موچەی فەرمانبەرەکانیان بە پاشەکەوتکراوی بۆ بنێرن و بەوشێوەیەش موچەکانیان بڕیون".

فەرمانبەرەکە باسی لەوەشکرد "من بەڵگەم لایە ئەو پارەی کەپاشەکەوتکراوە هیچی نەچووەتەوە سەر ئەژماری بانکی وەزارەتی دارایی بەڵکو چووەتە سەر چەند ئەژمارێکی تایبەت، کە سەرۆکی حکومەت و جێگرەکەی بەرپرسن لە وەڵامدانەوەی ئەوەی کە ئەو ئەژمارانە هی کێن و موچە و مافی فەرمابەران چی لێهاتوە".

بەهۆی نەبونی بەڵگەشەوە ڕۆژی چوارشەممە داوکاری گشتی لە دەستەی بەرزەفتکردنی فەرمبەران کە نوسینگەکەی لەناو باڵەخانەی وەزارەتی داددایە سکاڵاکەی داخستووە، بەڵام هێشتا دەرفەتی تانەدانەوە لەبڕیارەکە ماوە و ساحێبقڕان جەختیشیکردەوە "کە ئەو بەردوام دەبێت لەتانەدانەوە لەبڕیارەکە و هەموو ڕێوشوێنێکی دیکەی پێویست دەگرێتە بەر".

 

پێشتر ئالان ساحێبقڕان کە خۆی فەرمانبەرە لە نوسینگەی هەولێری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە وێستگەنیوزی ڕاگەیاندبو "بەهۆی ئەوەی بۆ ماوەی چەند ساڵێک حکومەتی هەرێم پاشەکەوتی زۆرەملێی بەسەر فەرمانبەران سەپاند و موچەکانمان کەمکرایەوە و هەروەها پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەرانیان ڕاگرت کە ئەوەش کارێکی نایاسایی بو بۆیە من سکاڵام تۆمار کرد بۆ داواکردنەوەی موچە خوراو و پاشەکەوتکراوەکانم و دوبارە دەستکردنەوە بە پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران کردووە".

 

هــ. ب


AM:09:00:21/02/2019


ئه‌م بابه‌ته 7792 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو