​وەزارەتی‌ نەوتی‌ عیراق داوای گەڕاندنەوەی‌ کێڵگەیەکی‌ نەوتی‌ هەرێم بۆ بەغدا دەکات

‌کێڵگەیەکی نەوت لە عیراق

وێستگه‌ نیوز ـ
کۆمپانیای‌ نەوتی‌ باکوور سەربە وەزارەتی‌ نەوتی‌ عیراق رایگەیاند، نزیکەی‌ چوار ساڵە وەزارەتی‌ سامانە سروشتییەکانی‌ هەرێم دەستی‌ بەسەر کێڵگەیەکی‌ نەوتیدا لە سنووری‌ پارێزگای‌ نەینەوا گرتووە و، بە پێویستی‌ دەزانێت بەغدا کێڵگەکە بگەڕێنێتەوە ژێر دەسەڵاتی‌ خۆی‌.


کۆمپانیاکە لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی‌ بەوە کردووە، کێڵگەی‌ نەوتی‌ سەفیە لە نەینەوا لە 10ی‌ نیسانی‌ 2015وە لەلایەن وەزارەتی‌ سامانە سروشتییەکانەوە دەستی‌ بەسەردا گیراوە و تا ئێستا لەلایەن کۆمپانیای‌ کارەوە بەڕێوەدەبرێت.

روونیشیکردووەتەوە، توانای‌ بەرهەمهێنانی‌ ئەو کێڵگەیە چوار هەزار بەرمیلی‌ رۆژانە بووە، ئەوکاتەی‌ کێڵگەکە بەدەست بەغداوە بووە، بەڵام ئێستا کۆمپانیای‌ کار رایگەیاندووە کە رۆژانە سێ هەزار بەرمیل نەوت لە کێڵگەکە بەرهەمدەهێنرێت.

کۆمپانیای‌ نەوتی‌ باکوور ئاماژەی‌ بەوەش کردووە، لە ئێستادا هیچ زانیارییەکی وردیان لەسەر کێڵگەکە و توانای‌ بەرهەمهێنانی‌ نییە، لەبەرئەوەی‌ لەژێر دەستی‌ هەرێمی‌ کوردستاندایە.

ئەوەش خراوەتەڕوو، داوایان لە حکومەتی‌ عیراق کردووە ئەو کێڵگەیە بگەڕێنێتەوە ژێر کۆنترۆڵی‌ خۆی‌ تا بتوانن پشکنینی‌ تەواو بۆ کیڵگەکە و توانای‌ بەرهەمهێنانی‌ بکەن.

کۆمپانیای‌ نەوتی‌ باکوور داواشی‌ لە وەزارەتی‌ دارایی عیراق کردووە، داهاتی‌ چوار هەزار بەرمیل نەوتی‌ رۆژانە لە پشکی‌ هەرێم لە بودجەی‌ عیراق ببڕێت لەوکاتەوە کە هەرێم دەستی‌ بەسەر کیڵگەی‌ سەفیەدا گرتووە تا ئێستا، لەگەڵ بڕینی‌ داهاتی‌ سەرجەم ئەو کێڵگانەی‌ دیکە کە پێشتر لەژێر دەستی‌ هەرێمدا بوون.

هــ. ر


PM:11:49:20/02/2019


ئه‌م بابه‌ته 2304 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو