په‌رله‌مانتارێكی پارتی: كات له‌ به‌رده‌ممان كراوه‌ نییه‌

‌شوان كەریم زراری

وێستگه‌ نیوز ـ هه‌ستیار

په‌رله‌مانتارێكی پارتی له‌ په‌رله‌مانی كوردستان رایده‌گه‌یه‌نێت، حزبه‌كه‌ی ده‌یه‌وێت به‌ هه‌رجۆرێك بووه‌ یه‌كێتی به‌شداری له‌ كابینه‌ی نوێی حكومه‌تی هه‌رێمدا بكات، ده‌شڵێت: "به‌ڵام كات لەبەردەمیاندا كراوە نییە".


شوان كەریم زراری، ئەندامی په‌رله‌مانی كوردستان له‌ فراكسیۆنی پارتی به‌ وێستگه‌ نیوزی راگه‌یاند: "دوای پێكهێنانی لیژنەكان، سەرقاڵی هەمواركردنەوەی یاسای سەرۆكایەتی هەرێم دەبین، دوای ئەوە دەست بەپێكهێنانی حكومەت دەكرێت و كاندید بۆ ئەو مەبەستە رادەسپێردرێت".

له‌ باره‌ی یه‌كێتیه‌وه‌ رایگه‌یاند: "ئێمە شەریكی یەكێتین، بەیەكەوە ماندوبوین و خەڵكمان بەكوشتداوە لەسەر ئەم وڵاتەو باشەو خراپەشمان كردوە، ئامانجیشمان بەیەكەوە حكومەت پێكبهێنین، بەڵام كات بۆ پێكهێنانی حكومەتیش كراوە نییە، ئەگەر یەكێتیی هەمان ریتمی پێشوو بگرێتەبەر، لەكاتی خۆیدا قسەمان دەبێت".

لەئەگەری ڕێكنەكەوتنی یەكێتیی و پارتی لەسەر شێوازی پێكهێنانی حكومەت و تێپەڕبونی كاتێكی زۆر بەسەر گفتوگۆكانیاندا، شوان كەریم رایگەیاند، "نزیكەی چوار مانگ چاوەڕوان بوین، بەگوێرەی ئەوەی زۆرینەی دەنگمان هێناوە بەرپرسیارێتیەكە زیاتر دەكەوێتە ئەستۆی ئێمە، ئێستاش چاوەڕوانی یەكێتی دەكەین و هەموو هەوڵێك دەدەین بۆئەوەی بەشداری لەحكومەتدا بكەن، بەڵام كاتمان لەبەردەمدا كراوە نییە".

ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌ كه‌ هێشتا پارتی و یه‌كێتی له‌سه‌ر پرسی پێكهێنانی حكومه‌تی هه‌رێم رێكنه‌كه‌وتوون و یه‌كێتی ده‌یه‌وێت پرسی هه‌ڵبژاردنی پارێزگاری كه‌ركوك و كاندیدی وه‌زاره‌تی دادی عیراق و پێكهێنانی حكومه‌تی هه‌رێم به‌ یه‌ك پاكێج بێت به‌ڵام پارتی به‌و داواكارییه‌ رازی نییه‌.

هه‌روه‌ك دوێنێ 18ی شوباتی 2019، په‌رله‌مانی كوردستان به‌بێ یه‌كێتی كۆبوه‌وه‌ و ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان هه‌ڵبژێردرا و ڤاڵا فه‌رید، به‌شێوه‌ی كاتی به‌ سه‌رۆكی په‌رله‌مان دیاریكرا، تا ئه‌وكاته‌ی یه‌كێتی كاندیدی خۆی بۆ پۆسته‌كه‌ پێكه‌ش ده‌كات، هه‌ر دوێنێ پارتی و گۆڕان له‌ پیرمام رێككه‌وتنی سیاسی نێوانیان بۆ پێكهێنانی حكومه‌ت ئیمزا كرد.


PM:04:55:19/02/2019


ئه‌م بابه‌ته 5904 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو