نوێترین زانیاری له‌سه‌ر سێ مووچه‌كه‌ی ساڵی رابردووی فەرمانبەران


وێستگه‌ نیوز ـ هه‌ستیار

وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان نووسراوی دووه‌م له‌ باره‌ی پرسی خه‌رجكردنی سێ مووچه‌ی ساڵی رابردوو فه‌رمانبه‌ران ره‌وانه‌ی وه‌زاره‌تی دارایی عیراق ده‌كات، سه‌رچاوه‌یه‌كیش ده‌ڵێت: "وه‌زاره‌تی دارایی عیراق به‌ڵێنی ناردنی ئه‌و سێ مووچه‌یه‌ی داوه‌".


سەرچاوەیەكی ئاگادار لە وەزارەتی دارایی و ئابووری حكومەتی هەرێمی كوردستان به‌ وێستگه‌ نیوزی راگه‌یاند: "وەزارەتی دارایی نووسراوی دووەمی بۆ بەغدا كردووە بۆ ئەوەی پارەی ئه‌و سێ مووچەیه‌ خه‌رج بكه‌ن كه‌ ساڵی رابردوو 2018 نەیناردووە".

سه‌رچاوه‌ ئاگاداره‌كه‌ی وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان راشیگه‌یاند: "كاتێك نووسراوی یەكەم بۆ وەزارەتی دارایی عیراق نێردرا، وەزیری دارایی عیراق بە وه‌زیری دارایی هه‌رێمی راگه‌یاندبوو، پاش پەسندكردنی بودجەی 2019 بابەتی ئەو سێ مووچەیە قسەی لەسەر دەكرێت، بۆیە لەسەر قسەی ئەوان نووسراوی دووەممان كردووە و پێمان راگەیاندوون ئەوه‌ بودجەی 2019 پەسه‌ندكرا، بۆیە دەبێت ئەو مافەی هەرێمی كوردستان بدەنەوە كە زیاتر لە 952 ملیار دینارە".

به‌ وته‌ی سه‌رچاوه‌كه‌، ئەگەر بەم نزیكانە ئەو بڕە پارەیە بدرێت ئەوە بەلای كەمی دوو مووچە لە مانگی ئازاردا دابەش دەكرێت، "مووچەی ئێستا بە پاشەكەوتەوە پێویستی بە 725 ملیار دینارە، ئەگەر 952 ملیارەكە بێت لەگەڵ داهاتی ناوخۆ ئەوە دووو مووچەی پێ تەواو دەكرێت".

ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌ كه‌ ئێستا مانگی شوباتی ساڵی 2019ه‌یه‌ و وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووری حكومه‌تی هه‌رێم مووچه‌ی مانگی 11ی ساڵی 2018 دابەش دەکات.


AM:11:19:19/02/2019


ئه‌م بابه‌ته 60344 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو