پەرلەمانتارێکی کورد ژمارەیەک مەلەفی گەندەڵی گەورەی عێراق ئاشکرا دەکات


وێستگەنیوز:
پەرلەمانتارێکی کورد لەپەرلەمانی عێراقەوە چەند مەلەفێکی گەورەی گەندەڵی وەزیران و بەرپرسان و کاربەدەستانی عێراق ئاشکرا دەکات.

د.بەختیار شاوەیس پەرلەمانتاری ئەنجومەنی نوینەرانی عێراق چەند فایلێکی گەورەی گەندەڵی گەورەی بەرپرسانی عێراق بۆ وێستگەنیوز ئاشکرا کرد کە لەچەند ساڵی ڕابردودا بەرپرسانی عێراق سەدان ملیار دۆلاری وڵاتەکەیان بەهەدەر داوە.

د.بەختیار شاوەیس کە لەسەر پشکی یەکێتی ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقە بە وێستگەنیوزی ڕاگەیاند "وەزیری وا هەیە لە عێراقدا سەروەت و سامانەکەی هێندەی سەروەتی سەرجەم سەرۆکەکانی ئەمریکایە و دەیان ملیار دۆلارە".

بەختیار شاوەیس ئاماژەی بەوەدا "بەڕێوبەری گشتی واهەیە لەعێراقدا کە ئێمە بەناو و بەبەڵگە لامانە ئەو سەرمایەی لەماوەی چوار ساڵی کارکردنیدا دەستی کەوتەوە بەرامبەرە بە موچە و دەرماڵەی ٥٠٠ ساڵی ئەو کەسە ئەگەر لەو  پۆستەدا بوایە".

ئەو پەرلەمانتارە کوردە ئەوەشی وت "لە عێراقدا ٥١ ملیاردێر و سەدان ملیۆنێر دەرکەوتون لەبەرامبەریشدا ملیۆنان هاوڵاتی لەخوار هێڵی هەژارییەوەن، کە ئەوەش بەهۆی بونی گەندەڵییەوەیە لەنێو دەوڵەتی عێراق هۆکارەکەی بەهەدەردانی سامانی گشتی و بەکارهێنانییەتی بۆ خۆدەوڵەمەند کردن لەلایەن  سیاسییەکانەوە".

بەختیار شاوەیس باسی لەوەشکرد "تەنها داهاتی فرۆشی نەوت لەماوەی ساڵانی ۲٠٠٤ بۆ ۲٠۱۹ خۆی دەدات لە زیاتر لە ۱٠٠٠ ملیار دۆلار بەڵام لەبەغدای پایتەخت تەنها یەک پرۆژەی خزمەتگوزاری نەکراوە، تەنها یەک پرد یان یەک شەقامی نوێ یان نەخۆشخانە یان خوێندنگەیەکی نوێ دروستنەکراوە".

شاوەیس دەربارەی هەوڵەکانیان بۆ بەگژداچونەوەی ئەو گەندەڵییە وتی "چاوەڕێی کۆبونەوەکانی پەرلەمان و تەواوبونی کابینەکانی حکومەتین، دوای ئەوە سەرجەم فراکسیۆنە کوردییەکان و ژمارەیەک لە پەرلەمانتارانی فراکسیۆنە عەرەبییەکان پاڵپشتیمان دەکەن کە پێکەوە هەنگاوێکی گەورە بنێین بۆ ڕوبەڕوبونەوەی گەندەڵی و ئاشکراکردنی بەرپرسە گەندەڵەکان".

هاوکات عادل عەبدول‌مەهدی رۆژی ٢٩ی کانونی دووەمی ٢٠١٩ ڕایگەیاندبو "دەیانەوێت لەزوترین کاتدا کابینە وزارییەکەی تەواو بکەن بۆ ئەوەی لە زوترین کاتتدا دەست بکەن بە پرۆسەی بەگژداچونەوەی گەندەڵی".

باس کرد لە بونی گەندەڵی بەو قەبارە گەورەیە شتیکی نوی نییە و بەپێی ئامارە جیهانییەکان لەساڵی ٢٠٠٥ەوە تاوەکو ٢٠١٧ دەوڵەتی عێراق لە ڕیزبەندی ١٠ گەندەڵترین وڵاتی جیهاندا بوە لەڕوی گەندەڵی کارگێڕی و بەهەدەردانی سامانی گشتیەوە و هەروەها بەپێی وتەی ڕێکخراوی شەفافیەتی نێوەدەوڵەتی لەتازەترین ئاماریدا عیراقی وەک ۱۳ هەمین دەوڵەتی گەندەڵ دیاریکردلەریزی ۱۸٠ دەوڵەتی جیهان.
هــ. ب


PM:03:52:17/02/2019


ئه‌م بابه‌ته 1244 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت