ئه‌ندام ئه‌نجومه‌نێكی كه‌ركوك: نیو ملیۆن توركمان دژی پلانگێڕییه‌كان ده‌وه‌ستنه‌وه‌

‌تورکمانەکانی کەرکوک-ئەرشیف

وێستگه‌ نیوزـ

ئه‌ندامێكی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك رایگه‌یاند كه‌ نیو ملیۆن هاوڵاتیی توركمانی پارێزگای كه‌ركوك دژی هه‌ر پیلانگێڕییه‌ك ده‌وه‌ستنه‌وه‌ كه‌ له‌دژیان بكرێت.

مه‌هدی سادق، ئه‌ندامی توركمان له‌ ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا رایگه‌یاند: هه‌ندێك له‌ لایه‌نی كوردی واده‌زانن پرس و چاره‌نوسی كه‌ركوك به‌ده‌ستی چه‌ند حزبێكه‌ كه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی كه‌ركوك و ئیراده‌ی گه‌لێك رێككه‌وتنی له‌سه‌ر ده‌كه‌ن كه‌ نیو سه‌ده‌یه‌ قوربانی بۆ پاراستنی ناسنامه‌ توركمانییه‌ ره‌سه‌نه‌كه‌ی ده‌دات و له‌ هه‌موو دۆخێكدا به‌رگریی كردوه‌.

وتیشی: نیو ملیۆن توركمانی له‌ كه‌ركوك به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك دژی هه‌موو پیلانگێڕییه‌ك ده‌وه‌ستنه‌وه‌ كه‌ له‌دژیان بگێڕدرێت.

مه‌هدی وتیشی "توركمانه‌كانی كه‌ركوك ئه‌و نه‌هامه‌تییه‌یان بیرناچێته‌وه‌ كه‌ له‌ماوه‌ی 10 ساڵی رابردوو له‌ژێر ده‌ستی پارێزگار و ئه‌نجومه‌نی پارێزگا و به‌ڕێوه‌به‌ره‌ گشتییه‌كان و ئاسایشی هه‌ردوو حزبی كوردی چه‌شتیان."

ئه‌ندامه‌ توركمانه‌كه‌ی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای داواشی له‌ حكومه‌تی عیراق و نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان و هه‌موو ئه‌و لایه‌نانه‌ كرد كه‌ خه‌می چاره‌نوسی كه‌ركوكیانه‌، كاری به‌په‌له‌ بكه‌ن "بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی كه‌ركوك تا له‌وه‌ زیاتر كه‌ڵه‌كه‌ نه‌بێت و نه‌گاته‌ قۆناغێكی مه‌ترسیدار".


PM:10:51:15/02/2019


ئه‌م بابه‌ته 2544 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو