ده‌ست به‌سه‌ر بڕێكی زۆر گۆشتی سووری خراپبوودا گیرا

‌نمونەیەک لە گۆشتەکە

وێستگه‌ نیوز ـ
بەهۆی سەربڕینیان لە شەقام و كۆڵانەكان و بەدەر لە رێنماییەكانی ڤێترنەری و تەندروستییەكان، لیژنە هاوبەشەكانی قایمقامیەتی سلێمانی دەست بەسەر بڕێك گۆشتی سووردا دەگرن و نوێنەری بەڕێوەبەرایەتی ڤێترنەری رایدەگەیەنێت، گۆشتەكە مەترسی گواستنەوەی نەخۆشییە مرۆژەڵییەكانی لێ دەكرێت.


ئەمڕۆ پێنجشەممه‌ 7ی شوباتی 2019، دەروێش فەرەج نوێنەری بەڕێوەبەرایەتی ڤێترنەری سلێمانی لە لیژنە هاوبەشەكانی قایمقامیەت بڵاوی كردووەتەوە: لە دوو رۆژی رابردوودا لەلایەن لیژنە هاوبەشەكانەوە دەست بەسەر چەند ئاژەڵێكی سەربڕاودا گیراوە، كە خاوەنەكانیان بەدەر لە رێنوێنییەكانی ڤێترنەری و تەندروستییەكان، سەریان دەبڕن و لە شەقام بە هاوڵاتییانی دەفرۆشن.

نوێنەری بەڕێوەبەرایەتی ڤێترنەری سلێمانی ئاشكرایكردووە، پێشتر و چەند جارێك ئەو گۆشتفرۆشانە ئاگادار كراونەتەوە، كە ئاژەڵەكانیان ببەن بۆ كوشتارگەی سلێمانی، لەپاش پشكنین و دڵنیابوونەوە ئاژەڵەكانیان سەرببڕن، پێشیان وتراوەكە لیژنەكانی قایمقامیەت رێگری لەو گۆشتفرۆشانە دەكات لە ماڵەوە یان لە شەقام و كۆڵانەكان ئاژەڵ سەردەبڕن.

ئاماژەی به‌وه‌شداوە، گۆشتەكەی گومانی گواستنەوەی نەخۆشییە هاوبەشەكانی نێوان مرۆڤ و ئاژەڵی لێ دەكرێت كە مەترسی بۆ سەر تەندروستی بەكارهێنەرانی دروست دەكات.

نوێنەری بەڕێوەبەرایەتی ڤێترنەری سلێمانی داوا لە هاوڵاتییان دەكات، كە بەر لە كڕینی دڵنیا ببنەوە لەو مۆرەی بەسەر گۆشتەكەوەیە لە هەبوونی گۆشتی مۆرنەكراو لە دووكانی گۆشتفرۆشەكاندا، لیژنە هاوبەشەكانی قایمقامیەت ئاگەدار بكەنەوە، هەروەها ئەو جۆرە گۆشتە نەكڕن لە شەقام و شاڕێكاندا دەفرۆشرێت.

هــ. ر


PM:12:20:07/02/2019


ئه‌م بابه‌ته 1432 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو