تره‌مپ: له‌ هه‌فته‌ی داهاتوودا كۆتایی داعش راده‌گه‌یه‌نین


وێستگه‌ نیوزـ

سه‌رۆكی ئه‌مریكا رایگه‌یاند كه‌ ره‌نگه‌ له‌ هه‌فته‌ی داهاتوودا كۆتایی داعش له‌ سوریا رابگه‌ینن، وتیشی پاشماوه‌كانی داعش مه‌ترسیدارن.

له‌ وتارێكدا له‌ كۆبونه‌وه‌ی هاوپه‌یمانیی نێوده‌وڵه‌تی دژی داعش، دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكی ئه‌مریكا وتی: توانیمان سه‌ركرده‌ دیاره‌كانی داعش له‌ عیراق و سوریا له‌ناوبه‌رین، وتیشی: داهاتووش به‌ فه‌رمی كۆنتڕۆڵكردنه‌وه‌ی ته‌واوی خاكی ژێر ده‌ستی داعش له‌ عیراق و سوریا راده‌گه‌یه‌نین.

تره‌مپ راشیگه‌یاند كه‌ 5 ملیۆن كه‌سیان له‌ژێر ده‌ستی داعش رزگار كردوه‌ و ئه‌وانه‌ی له‌دوای داعش به‌جێماون جێی مه‌ترسین، جه‌ختیشیكرده‌وه‌ كه‌ به‌رده‌وام ده‌بن له‌سه‌ر راوه‌دونانی شانه‌ نوستوه‌كانی داعش.

رۆژی چوارشه‌ممه‌ 19ی‌ كانونی‌ یه‌كه‌می‌ 2018، دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكی ئه‌مریكا بڕیاریدا هێزه‌كانی وڵاته‌كه‌ی له‌ سوریا بكشێنێته‌وه‌، دواتریش ساره‌ ساندرز، وته‌بێژی‌ كۆشكی‌ سپی‌ له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا وتی‌: "ده‌ستمان كرد به‌ كشانه‌وه‌ی هێزه‌ ئه‌مریكییه‌كان له‌ سوریا بۆ وڵات و ده‌چینه‌ قۆناغێكی‌ نوێی‌ ئه‌و هه‌ڵمه‌ته‌وه‌"، جه‌ختیشی له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ "سه‌ركه‌وتنه‌كان به‌سه‌ر داعشدا ئاماژه‌ نین بۆ كۆتاییهاتنی‌ هاوپه‌یمانی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ و هه‌ڵمه‌ته‌كه‌ی‌".

له‌ كۆتایی ساڵی 2017 جه‌یمس ماتیس، وه‌زیری به‌رگریی پێشووی ئه‌مریكا رایگه‌یاند كه‌ تیمه‌ دیپلۆماسییه‌كانی سوریا هاوكاریی ده‌كه‌ن بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی خزمه‌تگوزاری و ئیداره‌كردنی ئه‌و بودجه‌یه‌ی كه‌ بۆ شه‌ڕٍی داعش و مه‌شق و راهێنانی هێزه‌ ناوخۆییه‌كان و پوچه‌ڵكردنه‌وه‌ی بۆمبه‌ چێنراوه‌كان ته‌رخان كراوه‌.

له‌ مانگی ئابی 2014ه‌وه‌ ئه‌مریكا هاوپه‌یمانیی نێوده‌وڵه‌تیی دژی داعشی له‌ سوریا و عیراق به‌ به‌شداریی زیاترله‌ 40 ده‌وڵه‌ت له‌ وڵاتانی ئه‌وروپا و عه‌ره‌ب و وڵاتانی كه‌نداو پێكهێنا، ئه‌وه‌ش دوای روداوه‌كانی داگیركردنی موسڵ له‌ عیراق.

بۆیه‌كه‌مجاریش ئه‌مریكا له‌ مانگی تشرینی یه‌كه‌می 2015 نزیكه‌ی 50 سه‌ربازی خۆی ره‌وانه‌ی خاكی سوریا كرد كه‌ رۆڵیان ته‌نها راوێژكاری و رێنمایی كردن بوو به‌بێ به‌شداریكردن له‌ گۆڕه‌پانی جه‌نگدا، له‌وكاته‌وه‌ تا بڕیاری كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مریكا له‌ سوریا، ژماره‌ی سه‌ربازانی ئه‌مریكا له‌و وڵاته‌ 2 هه‌زار و 200 سه‌رباز.


PM:11:18:06/02/2019


ئه‌م بابه‌ته 1912 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو