سیستانی: عیراق ره‌تیده‌كاته‌وه‌ ببێته‌ وێستگه‌یه‌ك بۆزیانگه‌یاندن به‌ هه‌ر وڵاتێكی دیكه‌

‌عه‌لی سیستانی، گه‌وره‌ مه‌رجه‌عی باڵای شیعه‌كانی عیراق

وێستگه‌ نیوزـ

گه‌وره‌ مه‌رجه‌عی باڵای شیعه‌كان له‌ عیراق هۆشداریی دا له‌وه‌ی عیراق بكرێته‌ وێستگه‌یه‌ك بۆ زیانگه‌یاندن به‌ هه‌ر وڵاتێكی دیكه‌ و رایگه‌یاند چاره‌سه‌رنه‌كردنی قه‌یرانه‌كانی ئێستای عیراق به‌وه‌ ده‌كرێت كوتله‌ سیاسییه‌كان، پڕۆگرامی سیاسیی خۆیان بگۆڕن.

عه‌لی سیستانی، گه‌وره‌ مه‌رجه‌عی باڵای شیعه‌كانی عیراق له‌گه‌ڵ جینین هینیس بلاسخارت، نوێنه‌ری تایبه‌تی سكرتێری گشتیی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتوه‌كان و سه‌رۆكی نێرده‌ی ئه‌و رێكخراوه‌ بۆ عیراق كۆبوه‌وه‌و  دواتر له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا رایگه‌یاند: حكومه‌تی نوێی عیراق ئه‌ركی گه‌وره‌ی له‌به‌رده‌مدایه‌ و ده‌بێت به‌منزیكانه‌ روخساری پێشكه‌وتن و سه‌ركه‌وتن له‌كاره‌كانیدا ده‌ربخات، به‌تایبه‌ت له‌ دۆسیه‌ی گه‌نده‌ڵی و دابینكردنی خزمه‌تگوزاری و كه‌مكردنه‌وه‌ی نه‌هامه‌تیی خه‌ڵكی به‌سره‌دا.

وتیشی: ئه‌گه‌ر كوتله‌ سیاسییه‌كان پڕۆگرامی سیاسیی خۆیان به‌جۆرێك نه‌گۆڕن كه‌ له‌گه‌ڵ پرسه‌كانی وڵاتدا یه‌ك بگرێته‌وه‌، ئه‌وا هیچ هه‌لێكی راسته‌قینه‌ ناخوڵقێت بۆ چاره‌سه‌ركردنی قه‌یرانه‌كانی ئێستای وڵات.

سیستانی ئه‌وه‌ی به‌بیرهێناوه‌ته‌وه‌ كه‌ عیراقییه‌كان باچی قوسیان دا بۆ ئه‌وه‌ی شكست به‌ داعش بهێنن، ئێستاش ناوچه‌ زیانلێكه‌وتوه‌كان پێویستیان به‌ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌یه‌ تا خه‌ڵكه‌كه‌ی بۆ بگه‌ڕێته‌وه‌ و ده‌بێت ئه‌مه‌ له‌ ئه‌وله‌ویه‌تی كاره‌كانی حكومه‌تی نوێ بێت.

مه‌رجه‌عی باڵای عیراق به‌پێویستی زانیوه‌ هه‌موان به‌ به‌رپرس و هاوڵاتیانه‌وه‌ پابه‌ندبن به‌ ئاشته‌وایی ناوخۆیی و یه‌كڕیزیی كۆمه‌ڵایه‌تی و خۆیان له‌ جیاوازیی به‌دور بگرن و چاویشیان له‌ كه‌مایه‌تییه‌ ئایینی و نه‌ته‌وه‌ییه‌كان بێت.

وتیشی: عیراق خوازیاری بنیادنانی په‌یوه‌ندیی باش و هاوسه‌نگه‌ له‌گه‌ڵ سه‌رجه‌م وڵاتانی دراوسێ له‌سه‌ر بنه‌مای به‌رژه‌وه‌ندیی هاوبه‌ش وده‌ستوه‌رنه‌دان له‌ كاربواری ناوخۆی عیراق و ده‌ست نه‌بردن بۆ سه‌روه‌ریی و سه‌ربه‌خۆیی خاكی عیراق، له‌ هه‌مانكاتیشدا عیراق ره‌تیده‌كاته‌وه‌ بكرێته‌ وێستگه‌یه‌ك بۆ زیانگه‌یاندا بە هەر وڵاتێکی دیکە.


PM:06:00:06/02/2019




ئه‌م بابه‌ته 3336 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو