فوئاد حسێن: دڵنیایی دەدەمە خەڵکی کوردستان کە موچە گەرەنتییە و دەدرێت


وێستگه‌ نیوزـ

جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری دارایی عیراق دڵنیایی سه‌باره‌ت به‌ موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران و پێشمه‌رگه‌ دا و رایگه‌یاند: موچەی پێشمەرگە و فەرمانبەرانی کوردستان لەلایەن بەغداوە دەدرێت و زامنکراوە.

د.فوئاد حسێن، جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری دارایی عیراق به‌ ساتی روداوی راگه‌یاند: لەگەڵ سەرۆکی پەرلەمان و لیژنەی دارایی پەرلەمانی عیراق بەردەوام لە پەیوەندیدایە و وتی:"ئێمە ئەم خاڵەمان داناوە کە گەرەنتی مووچەی فەرمانبەران و پێشمەرگە بکرێت، لیژنەی دارایی پەرلەمانیش گفتوگۆی لەبارەوە دەکات، چونکە پەیوەندی بە پرسە سیاسییەکانەوە هەیە. بەڵام من دڵنیایی دەدەمە خەڵکی کوردستان کە موچە گەرەنتییە و دەدرێت."

ئاشكراشیكرد: "ئەگەر خاڵی دیکەش بۆ پڕۆژەیاسای بودجەکە زیادبکەن جارێ زانین چونکە پەرلەمان لە کۆبونەوەدایە، بەڵام ئەگەر مادەی دیکەش بهێننە پێشەوە ئەوا موچەی فەرمانبەران و پێشمەرگە هەر دەدرێت و گەرەنتییە".

سەبارەت بە رادەستکردنی 250 هەزار بەرمیل نەوتی کوردستان بە سۆمۆ، د.فوئاد حسێن وتی: "دوای پەسندکردنی بودجە لەلایەن پەرلەمانەوە دەست بە گفتوگۆ دەکەین لەنێوان هەولێر و بەغدا بۆ ئەوەی بۆ ساڵی داهاتوو ئەو کێشەیه‌ روونەدات".

سه‌باره‌ت به‌ موچەی سێ مانگی فەرمانبەرانی کوردستان وه‌زیری دارایی عیراق وتی: "لەبەرئەوەی لە مانگی 4ی ساڵی 2018ـەوە لەگەڵ حکومەتی عیراق رێککەوتن کرا و بڕیاریدا مانگانە 317 ملیار دینار بۆ کوردستان بنێرێت، بۆیە موچەی سێ مانگی سەرەتای ساڵەکە نەنێردراوە، ئێستاش ئەو پرسە پێشنیازکراوە، دەبێت گفتوگۆ بکەین بۆ ئەوەی بزانین چۆن مووچەی ئەو سێ مانگەش بدەین و پشتیوان بە خودا چارەسەر دەبێت".


PM:06:54:23/01/2019


ئه‌م بابه‌ته 12592 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت