په‌رله‌مانی عیراق بۆ پڕۆژه‌ یاسای بودجه‌ی 2019 و ته‌واوكردنی كابینه‌كه‌ی عه‌بدولمه‌هدی كۆده‌بێته‌وه‌

‌دانیشتنی پەرلەمانی عیراق.. ئەرشیڤ

وێستگه‌ نیوز ـ
ئەمڕۆ چوارشه‌ممه‌ 23ی كانوونی دووه‌می 2019، ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە بارەی پرۆژه‌ یاسای بودجەی 2019ی عیراق و تەواوکردنی کابینەکەی عادل عەبدولمەهدی کۆدەبێتەوه‌.

محەمەد حەلبووسی، سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق رایگەیاند: ئەمرۆ چوارشه‌ممه‌ 23ی كانوونی دووه‌می 2019، پەرلەمان لەبارەی پرۆژه‌ یاسای بودجەی 2019 و تەواوکردنی کابینەی نوێی حكومه‌ته‌كه‌ی عادل عه‌بدولمه‌هدی کۆدەبێتەوە.

سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق وتیشی: "پێنجشەممەی داهاتوو عادل عەبدولمەهدی سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق لە دانیشتنی پەرلەمان ئامادە دەبێت"، بەبێ ئەوەی هۆکاری ئامادەبوونەکەی ئاشکرا بکات.

دوای تێپه‌ڕبوونی زیاتر له‌ حه‌وت مانگ به‌سه‌ر هه‌ڵبژاردنی خوولی چواره‌می ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق، تا ئێستا كابینه‌ی نوێ به‌ ته‌واوه‌تی پێكنه‌هێنراوه‌، ئه‌وه‌ش به‌هۆی مانه‌وه‌ی پۆسته‌كانی وه‌ك وه‌زاره‌تی ناوخۆ، به‌رگری.

هاوكات به‌ درێژایی شه‌وی رابردوو، لیژنه‌ی دارایی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق بۆ ته‌واوكردنی راپۆرتی خۆیان له‌سه‌ر پڕۆژه‌ یاسای بودجه‌ی 2019 و یه‌كلایی كردنه‌وه‌ی پشكی هه‌رێم و مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران كۆبوونه‌وه‌، هه‌ردوو ئه‌ندامی لیژنه‌ی دارایی هۆشیار عه‌بدوڵا و جه‌مال كۆچه‌ر، كه‌ دوو په‌رله‌مانتاری كوردن بۆ وێستگه‌ نیوز ته‌ئكیدیان كرده‌وه‌ كه‌ مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران و پێشمه‌رگه‌ هێڵی سووره‌و ده‌بێت به‌غدا به‌بێ هیچ مه‌رجێك ره‌وانه‌ی بكات.

هه‌روه‌ك ئه‌وه‌شیان راگه‌یاند، ئه‌وان ته‌ئكید له‌سه‌ر جێگیكردنی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران له‌ پڕۆژه‌ یاسای بودجه‌ ده‌كه‌نه‌وه‌ و تا ئه‌وه‌ش جێگیر نه‌بێت، ئه‌وان ئیمزا له‌سه‌ر راپۆرتی لیژنه‌ی دارایی ناكه‌ن و به‌لای كوردیشه‌وه‌ هێڵی سووره‌.

وێستگه‌ نیوز، به‌یانی ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 23ی كانوونی دووه‌می 2019، په‌یوه‌ندی به‌ هۆشیار عه‌بدوڵا، جه‌مال كۆچه‌ر، ئه‌حمه‌د حاجی ره‌شید، ئه‌ندامانی كورد له‌ لیژنه‌ی داراییه‌وه‌ كرد، به‌ڵام ژماره‌كانیان داخرابوو.




AM:08:51:23/01/2019


ئه‌م بابه‌ته 900 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو