لاهور شێخ جه‌نگی: كه‌متر له‌ شه‌ش مانگی دیكه‌ دۆخێكی تر له‌ كه‌ركوك دێته‌ ئاراوه‌

‌لاهور شێخ جەنگی

وێستگه‌ نیوزـ

بەرپرسی ئاژانسی پاراستن و زانیاریی/زانیاری هەرێم پێی وایه‌ كەمتر لەشەش مانگی تر دۆخێكی دیكە لەكەركوك دێتە ئاراوە و راشیگه‌یاند: بەكۆدەنگی لایەنەكان پارێزگارێكی نوێ بۆ كەركوك دادەنێن.

میدیاكانی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان بڵاویانكرده‌وه‌ كه‌ لاهور شێخ جەنگی، بەرپرسی ئاژانسی پاراستن و زانیاریی/زانیاری هەرێم بۆ كەناڵی كەركوك دواوه‌ و وتویوتی: "ئێستا ئەوەی لە بەردەم ئێمەیە گەرانەوەیە بۆ دەستوری عیراق و جێبەجێكردنی ماددەی 140، بۆیە پێویستە كورد بە كۆدەنگی لەحكومەتی نوێی عیراقدا بە یەك پاكێج شەڕی دەستور بۆ كەركوك و ناوچە دابڕێندراوەكان و ماددەی 140 بكات."

لاهور شێخ جه‌نگی وتویه‌تی: "هۆكاری مانەوەی یەكێتیی لەكەركوك ئەوەیە كە تۆ لەگەڵ ئازار و ئەشكەنجەی كەركوكییەكان گەورە بیت، رێبازی یەكێتیی لە كەركوك لە خوێنماندا چەسپاوە بۆیە ناكرێت لە كاتی خۆشیدا ئەو كاتەی كە كەركوك نەوتی هەبێت و نەوتەكەی دەبرێت لە كەركوك بین دواتر كە ناخۆشی بەسەر كەركوكدا دێت بەجێیبهێڵین و بڵێین وەڵا كەركوك وای بەسەردا هاتووە ."

سەبارەت بەوەی دۆخی كەركوك بەرەو كوێ دەڕوات لاهور شێخ جەنگی رایگه‌یاندوه‌: "ئەم حاڵەتەی ئێستا لە كەركوك هەیە من دڵنیایان دەكەمەوە لەماوەی كەمتر لە شەش مانگ دۆخێكی دیكە لە كەركوك دێتە ئاراوە."

ئاماژەی بەوەشكرد، هیچ كەسێك ناتوانی خۆی بەسەر كەركوكدا بسەپێنێت، چونكە واقعێك هەیە لە كەركوك كورد زۆرینەیه‌، بۆیە ناكرێت داواكارییەكانی كورد پشتگوێ بخرێت لەو شارە یان زوڵم و زۆریان لێ بكرێت، داواشی لە خەڵكی كەركوك كردووه‌ بەسەبرن كە چەندین  ساڵ به‌رگه‌ی زەبر و  زۆری رژێمی بەعسیان كردووە ئەم چەند مانگەش دان به‌خۆیاندا بگرن و دڵنیاشی كردونه‌ته‌وه‌ كە یەكێتیی نیشتمانی كوردستان هه‌رگیز دەست لە كەركوك و كەركوكییەكان هەڵناگرێت.

سه‌باره‌ت به‌ دانانی پارێزگارێكی نوێ بۆ كه‌ركوك، بەرپرسی ئاژانسی پاراستن و زانیاریی/زانیاری هەرێم پێی وایه‌: دانانی پارێزگارێكی كورد بۆ كەركوك نیوەی دۆخەكە ئاسایی دەكاتەوە و ئەگەر لایەنە كوردییەكان رێك بكەون لەسەر ئەوەی ئەنجومەنی پارێزگاری كەركوك كارابكرێتەوە، دەتوانن كۆبوونەوە بكەن و پارێزگارێكی كورد بۆ كەركوك دابنێن لەو كاتەدا دۆسییەی ئەمنی دەگەرێتەوە بۆ پارێزگار و ئەو بڕیاردەدات چ هێزێك لەناو شارەكە بمێنێتەوە.


PM:11:02:21/01/2019


ئه‌م بابه‌ته 5464 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت