شه‌ش فراكسیۆنی كوردی له‌ په‌رله‌مانی عیراق راگه‌یه‌ندراوێكیان بڵاوكرده‌وه‌


وێستگه‌ نیوز –
شه‌ش فراكسیۆنی كوردی له‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عیراق داوا له‌ هه‌ردوو حكومه‌تی هه‌رێم و حكومه‌تی عیراق ده‌كه‌ن، پابه‌ند بن به‌ یاسای بودجه‌ی عیراقه‌وه‌ دوای په‌سندكردنی.

ئه‌مڕۆ شه‌ش فراكسیۆنی كوردی به‌ سه‌رپه‌رشتی به‌شیر حه‌داد، جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق كۆبوونه‌وه‌.

دوای كۆبوونه‌وه‌كه‌، ئه‌و شه‌ش فراكسیۆنه‌ كه‌ بریتین له‌ فراكسیۆنه‌كانی‌ "پارتی دیموكراتی كوردستان، یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان، بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان، هاوپه‌یمانی دیموكراسی و دادپه‌روه‌ری، یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان و كۆمه‌ڵی ئیسلامی كوردستان" راگه‌یه‌ندراوێكی هاوبه‌شیان بڵاوكرده‌وه‌.

له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا كه‌ وێنه‌یه‌كی‌ ده‌ست وێستگه‌ نیوز كه‌وتووه‌، ئه‌و شه‌ش فراكسیۆنه‌ رایانگه‌یاندووه‌ كه‌ "پشتیوانی له‌ داوای پارێزگاكانی به‌سره‌ و نه‌ینه‌وا ده‌كه‌ن".

ئه‌و فراكسیۆنانه‌ ئاماژه‌یان به‌وه‌داوه‌ كه‌ "هه‌وڵه‌كانیان ده‌خه‌نه‌گه‌ڕ بۆ به‌ده‌ستهێنانی مافه‌كانی خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان و ناوچه‌ دابڕێندراوه‌كان، به‌ تایبه‌تی له‌ پرسی بودجه‌ و له‌م رووه‌شه‌وه‌ داوا له‌ هه‌ردوو لای حكومه‌تی هه‌رێم و حكومه‌تی فیدراڵ ده‌كه‌ن، پابه‌ند بن به‌ یاسای بودجه‌ی عیراقه‌وه‌ دوای په‌سندكردنی".

جه‌ختیشیان له‌سه‌ر گرنگی هه‌ماهه‌نگی نێوان نوێنه‌رانی كورد و حكومه‌تی هه‌رێم و كاربه‌ده‌ستانی كورد له‌ به‌غدا كرده‌وه‌.

له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه‌ كه‌ "فراكسیۆنه‌ كوردستانییه‌كان كۆك بوون له‌سه‌ر گرنگی شه‌فافیه‌ت له‌ دۆسیه‌ی نه‌وتی عیراق و هه‌رێمی كوردستان و ناوچه‌ دابڕێندراوه‌كان و هه‌وڵدان بۆ باشكردنی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێم و به‌غدا".

فراكسیۆنه‌ كوردستانییه‌كان  راشیانگه‌یاندووه‌ كه‌ "رێككه‌وتون له‌سه‌ر به‌رده‌وامی كۆبوونه‌وه‌ هاوبه‌شه‌كان به‌ شێوه‌یه‌كی مانگانه‌ بۆ ئه‌و پرسانه‌ی كه‌ په‌یوه‌ستن به‌ ژیانی خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان و ناوچه‌ دابڕێندراوه‌كان".


PM:10:28:21/01/2019


ئه‌م بابه‌ته 1484 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو