بافڵ تاڵەبانی: هەرێم لە قەیرانێکی ئاڵۆزدایە

‌بافڵ تاڵەبانی

وێستگە نیوز-

بافڵ تاڵەبانی ڕایگەیاند قەیرانێکی ئاڵۆزی دارایی لە هەرێمی کوردستان هەیە و ئاماژەی بەوەکردووە قەیرانەکە پەیوەستە بە نرخی نەوت و پەیوەندی هەرێم لەگەڵ بەغدا و وڵاتانی دراوسێ، جەختیشیکردەوە دەبێت پشتبەستن بە داهاتی نەوت کەمبکرێتەوە.


بافڵ تاڵەبانی چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ کەناڵی بی بی سی ئەنجامداوە کە ئەمشەو کاتژمێر 8:30 پەخشدەکرێت و کەناڵەکە ناوبراوی بە ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان ناساندووە.

بافڵ تاڵەبانی ڕایگەیاندووە هەرێمی کوردستان بە قەیرانێکی دارایی سەخت و ئاڵۆزدا تێدەپەڕێت و قەیرانەکەش پەیوەندی بە چەند پرسێکەوە هەیە.

ناوبراو لە چاوپێکەوتنەکەدا ئاماژەی بەوەکردووە قەیرانی دارایی هەرێم پەیوەستە بە هەرزانبوونی نرخی نەوت و پەیوەیدنی هەرێم لەگەڵ بەغدا و وڵاتانی دراوسێدا.

بافڵ تاڵەبانی بۆ چارەسەرکردنی ئەو قەیرانە بە پێویستی دەزانێت پشتبەستن بە داهاتی نەوت وەکو تاکە سەرچاوەی داهات کەمبکرێتەوە و ئاماژەی بەوەکردووە گرنگی بە سەرچاوەکانی تری وەکو کشتوکاڵ و گەشتیاری بدرێت.

سەبارەت بە ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بافڵ تاڵەبانی ئاماژەی بەوەکردوە نابێت سەرزەنشتی لایەنێکی دیاریکراو بکرێت، پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتیمانیی کوردستان و بزوتنەوەی گۆڕانیش، هەموان هاوبەشن لەو بڕیارە هەڵەیەی کە درا.

ناوبراو جەختیشیکردەوە: كورد مافی خۆیەتی ریفراندۆم ئەنجامبدات، بەڵام تێبینی لە کاتی ئەنجامدانیدابوو، دەبێت بپرسین ئایا كاتی ئەنجامدانی ریفراندۆم گونجاو بوو؟ ئایا كورد بەپێی پێویست لەناوخۆیدا یەكگرتوو بوو؟

 

 


 


PM:01:29:20/01/2019


ئه‌م بابه‌ته 5792 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت