سه‌عید كاكه‌یی: به‌قسه‌ی گۆڕانم بكردایه‌ رێگریم له‌ به‌شداریی نه‌وه‌ی نوێ له‌ هه‌ڵبژاردن ده‌كرد

‌سەعید کاکەیی

وێستگه‌ نیوزـ

نوێنەری بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان لە کۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردن له‌ عیراق ڕایگەیاند، ئەگەر بە قسەی گۆڕانم بکردایە دەبوو رێگریی بکەم لە نەوەی نوێ بەشداریبکات لە هەڵبژاردنەکانی عیراقدا، وتیشی "خوێنم بڕژێ واز لە بابەتی ساختەکاری ناهێنم و وەک پێشمەرگەیەک کاری بۆ دەکەم و لەسەر ڕێبازەکەی نەوشیروان خۆم دەدەم بە کوشت."

له‌میانی به‌شداریكردنی له‌ به‌رنامه‌ی تاوتوێ-ی كه‌ناڵی ئێن ئاڕ تی، سه‌عید كاكه‌یی، نوێنەری بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان لە کۆمسیۆن وتی:"من تەنها کارم بۆ گۆڕان نەکردووە و، من بووم کارم کرد بۆئەوەی لە کۆمسیۆن مۆڵەت بدرێت بە نەوەی نوێ و تەڤگەری ئازادی کوردستان، من نوێنەری گۆڕان نیم و نوێنەری کوردم، گۆڕانیش داوای دەستلەکارکێشانەوەم لێ بکات دەستلەکار ناکێشمەوە."

لەسەر بابەتی ساختەکارییەکان سەعید کاکەیی ئاماژەی بەوە کرد، "لە پەرلەماندا بە بەڵگەوە سەلماندم ساختەکارییەکی گەورە کراوە. ئەوەی لە هەڵبژاردندا کراوە دزینی دەنگی خەڵکە و دەبێت تاوانباران سزابدرێن و بەڵگەشم دەستکەوت کە ئەندامانی ئەنجومەنی کۆمسیاران ساختەکارییان کردووە، داوای لێبوردنەکەم دەکشێنمەوە."

وتیشی، "من بە ئەندامانی کۆمسیارانم وتووە کە بەڵگەم نییە ئێوە ساختەکاریتان کردبێت، نەک وتبێتم لە هەڵبژاردندا ساختەکاریی نەکراوە. بە هیچ شێوەیەک پەشیمان نیم لەوەی وتوومە ساختەکاریی کراوە و، ساختەکاری لەڕادەبەدەریش کراوە."

سه‌عید كاكه‌یی ڕەخنەی لەو کەسانەش گرت کەوا هەوڵی شێواندنی کەسایەتی ئەویان داوە و ڕایگەیاند، "هەوڵێکی گەورە هەبوو بۆ تیرۆرکردنی کەسایەتیی مەعنەویی من."

لەسەر بابەتی داوای لێبودنەکەشی ڕایگەیاند، سەرۆکی ئەنجومەنی کۆمسیاران ئاشكرایكرد "دادوەران پێمان دەڵێن 100% ساختەکاری نەکراوە، تۆش ئێمە تۆمەتباردەکەیت، بۆئەوەی تەشەنوج دروستنەبێت لە کۆمسیۆندا و پەرتەوازەیی دروست نەبێت، بتوانین هەماهەنگی بکەین بۆ بەرژەوەندی گشتی و لەبەرئەوەی هەڵبژاردنی داهاتوومان لەپێشە، بۆ پاککردنەوەی دڵی ئەو کەسانەی تۆ تۆمەتبارتکردون بە ساختەکاری، بۆئەوەی بتوانیت لەگەڵ ئەم کەسانەدا دابنیشیت و بەشداری کۆبوونەوەکان بکەیت، دەبێت پاکانە بدەیت."

هه‌رله‌وباره‌یه‌وه‌ كایه‌یی ئاشكرایكرد و وتی: "منیش وتم لەبەرئەوەی بەڵگەی نوسراو و بنبڕم لەسەر ئەندامانی ئەنجومەنی کۆمسیاران نییە، ئامادەم پۆزش بهێنمەوە و پەرێزپاکییان ڕابگەیەنم و ئامادەم بە زارەکی ئەم کارە بکەم و ڕێگەشمدا بە ڤیدیۆ تۆماربکرێت."

هەر دەربارەی ڤیدیۆی داوای لێبوردنەکەی سەعید کاکەیی وتی: ئه‌و ڤیدیۆیە لە 13ی تشرینی دووەمی 2018، تۆمارکراوە و لە 21ی تشرینی دووەم ئەنجومەنی کۆمسیاران لیژنەی لێکۆڵینەوەیان لەسەر گرتم و ڕۆژێک دواتر بە شێوەیەکی نایاسایی دەستلەکارکێشانەوەم بۆ کراوە.

ئاماژەی بەوەش دا، لیژنەکە چوار کەس بوون، لەکاتێکدا دەبێت لیژنە لە 3 کەس زیاتر نەبێت، ئەنجومەنیش دەسەڵاتی ئەوەی نییە دەستلەکارکێشانەوە بە کەسێک بکات.

وتیشی، "منەتم بە کەس نییە و با بڕۆن دەستلەکارکێشانەوەم بۆ بنووسن و لەم وڵاتەدا دادگا هەیە، کۆمسیۆن نیازیان پاک بوایە ئەم کارەیان بەرامبەر بە من نەدەکرد. دادگا چی بڕیارێکی دا ملکەچم، بەڵام خوێنم بڕژێ واز لە بابەتی ساختەکاری ناهێنم و وەک پێشمەرگەیەک کاری بۆ دەکەم و لەسەر ڕێبازەکەی نەوشیروان خۆم دەدەم بە کوشت."


PM:09:33:19/01/2019


ئه‌م بابه‌ته 3972 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت