وه‌زیری دارایی هه‌رێم: دوو ده‌روازه‌ی دیكه‌ له‌ نێوان ئێران و هه‌رێمدا ده‌بنه‌ نێوده‌وڵه‌تی

‌رێباز حەملان.. وەزیری دارایی هەرێم

وێستگه‌ نیوز ـ
وه‌زیری دارایی و ئابووری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند، لە ئێستادا قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان هه‌رێم و ئێران ساڵانە هەشت ملیار دۆلارەو حه‌وت ده‌روازه‌ی سنووریشیان له‌گه‌ڵ ئه‌و وڵاته‌ هه‌یه‌، كه‌ سیانیان نێودەوڵەتین و هەوڵدەدرێت دوو دەروازەی دیكەش بەنێودەوڵەتی بكرێت.


ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 15ی كانوونی دووه‌می 2019، له‌ سلێمانی كۆڕبه‌ندی ئابووری نێوان كۆماری ئیسلامی ئێران و هه‌رێمی كوردستان ده‌ستیپێكرد.

له‌ كۆڕبه‌نده‌كه‌ محه‌مه‌د جه‌واد زه‌ریف، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران و قوباد تاڵه‌بانی، جێگری سه‌رۆك وه‌زیران و رێباز حه‌ملان، وه‌زیری دارایی و ئابووری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌كر، پارێزگاری سلێمانی و ژماره‌یه‌ك بازرگانی هه‌رێمی كوردستان و كۆماری ئیسلامی ئێران ئاماده‌ی بوون.

رێباز حەملان، وەزیری دارایی و ئابووری  حكومەتی هەرێم رایگەیاند: لە ئێستادا ژمارەی دەروازە سنوورییەكانی نێوان هەرێم و ئێران، حه‌وت دەروازەیە، سێ لەو دەروازانە نێودەوڵەتین و هەوڵدەدرێت دوو دەروازەی دیكەش بەنێودەوڵەتی بكرێت، بۆ ئەو مەبەستەش لەگەڵ بەغدا تاوتوێی ئەو بابەتە دەكرێت.

وەزیری دارایی هەرێم وتیشی: "لە ئێستادا قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان هەردوولا ساڵانە هەشت ملیار دۆلارەو هەرێمی كوردستان لە كابینەی نوێشدا، پلانی هەیە شایستەی دارایی ئەو كۆمپانیایانە خەرج بكات، كە لە هەرێم كاردەكەن".

وتیشی: "لە ئێستادا سیستمی ئەلیكترۆنی بۆ دەروازەكان لە نێوان  هەرێم و تاران دانراوە، كە ئەوەش وادەكات تەواو داتاو زانیارییەكانی نێوان دەروازەكان لەكاتی جموجۆڵە بازرگانیەكاندا روونبكاتەوە".

له‌ باره‌ی مووچه‌ی كۆتا سێ مانگی ساڵی رابردووی فه‌رمانبه‌رانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ رێباز حه‌ملان وتی: "به‌پێی ئه‌و رێككه‌وتنه‌ی پێشوو كه‌ له‌گه‌ڵ به‌غدا كراوه‌، ده‌بوو حكومه‌تی عیراقی مووچه‌ی هه‌ر 12 مانگه‌كه‌ بنێرێت، به‌ڵام تا ئێستا مووچه‌ی سێ مانگی نه‌ناردوه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئه‌و بڕه‌ی كه‌ ده‌بێت حكومه‌تی عیراق بۆ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانی بنێرێت له‌ یاسای بودجه‌ی 2019دا جێگه‌ی كراوه‌ته‌وه‌و هه‌ركاتێك حكومه‌تی عیراق ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ی بۆ ناردین ئێمه‌ش ده‌ستبه‌دابه‌شكردنی ده‌كه‌ین".

محەمەد جەواز زەریف، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران، ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 15ی كانوونی دووه‌می 2019، به‌ سه‌ردانێك گه‌یشته‌ شاری به‌غدا و دواتر گه‌یشته‌ هه‌رێمی كوردستان.

له‌ سه‌ردانه‌كه‌یدا بۆ هه‌ولێر له‌گه‌ڵ نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێم و مه‌سرور بارزانی، راوێژكاری ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان و كاندید بۆ پۆستی سه‌رۆكی حكومه‌تی نوێی هه‌رێمی كوردستان له‌ لایه‌ن پارتیه‌وه‌ كۆبووه‌وه‌.

دواتر به‌ یاوه‌ری قوباد تاڵه‌بانی، جێگری سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێم گه‌یشته‌ شاری سلێمانی و له‌ هۆتێل شاری جوان، كۆڕبه‌ندێكی ئابووری له‌ نێوان كۆماری ئیسلامی ئێران و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان سازكرا.

له‌ كۆڕبه‌نده‌كه‌دا هه‌ریه‌كه‌ له‌ قوباد تاڵه‌بانی، جێگری سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێم و محه‌مه‌د جه‌واد زه‌ریف، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران و رێباز حه‌ملان، وه‌زیری دارایی و ئابووری هه‌رێم وتاریان پێشكه‌ش كرد.

وەزیری دەرەوەی ئێران لە هەولێر رایگەیاند: "هیچ لایەنێک ناتوانێت سنور بۆ پەیوەندییە بازرگانیەکانی نێوان ئێران و هەرێم دابنێت".

هــ. ر


PM:06:17:15/01/2019


ئه‌م بابه‌ته 14712 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو