سه‌رۆك كۆماری عیراق بانگهێشتێكی فه‌رمیی له‌ پاریسه‌وه‌ پێده‌گات

‌ژان ئیف لۆدریان و بەرهەم ساڵح

وێستگه‌ نیوزـ

سه‌رۆك كۆماری عیراق پێشوازیی له‌ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی فه‌ره‌نسا كرد و جه‌ختیكرده‌وه‌ كه‌ عیراق خوازیاری هاوكاریی زیاتره‌ له‌ بواره‌كانی سیاسی و ئابوری و بازرگانی، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی فه‌ره‌نساش باگهێشتێكی فه‌رمیی ئاراسته‌ی سه‌رۆك كۆمار كرد كه‌ سه‌ردانی پاریس بكات.

ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 14ی كانونی دووه‌می 2019، به‌رهه‌م ساڵح، سه‌رۆك كۆماری عیراق له‌گه‌ڵ ژان ئیف لۆدریان، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی فه‌ره‌نسا كۆبوەوه‌ كه‌ پێشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ به‌ سه‌ردانێك گه‌یشته‌ به‌غدا.

به‌پێی هه‌واڵێكی ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی سه‌رۆكایه‌تیی كۆماری عیراق، له‌ كۆبونه‌وه‌كه‌دا به‌رهه‌م ساڵح، سه‌رۆك كۆماری عیراق "جه‌ختی له ‌گرنگی ڕۆڵی عیراق له ‌به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی توندوتیژی و تیرۆر و هه‌وڵه‌كانی له ‌پێناوی به‌رجه‌سته‌كردنی ئاشتی و سه‌قامگیری ناوچه‌كه‌ كردوه‌ته‌وە."

سه‌رۆك كۆماری عیراق به‌پێویستی زانیووه‌ په‌ره‌ به‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان عیراق و فه‌ره‌نسای بدرێت به‌جۆرێك كه ‌‌خزمه‌تی به‌رژه‌وه‌ندییە هاوبه‌شه‌كانی هه‌ردوو وڵات بکات و ئاماژه‌شی به‌ گرنگیدانی عیراق كرد بۆ بره‌ودان به‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی.

هه‌ر له‌ دیداره‌كه‌دا سه‌رۆک کۆمار دووپاتی كرده‌وه‌ كه‌ عیراق خوازیاری‌ هاریكاری زیاتره‌ له‌ بواره‌كانی سیاسی و ئابوری و بازرگانیدا و له‌وباره‌یه‌شه‌وه‌ داوای له‌كۆمپانیا فه‌ره‌نسیه‌كان كرد بۆ به‌شداریكردن له ‌پرۆسه‌ی ئاوه‌دانكرده‌وه‌ و بونیادنان و گه‌شه‌پێدانی ئابوری عیراق ئاماده‌ییان هه‌بێت و سود وه‌رگرن له ‌هه‌لی وه‌به‌رهێنان كه‌ له‌ عیراقدا ڕه‌خساوه‌.

هاوكات وه‌زیری فه‌ره‌نسا جه‌ختی له‌سه‌ر پشتیوانیی وڵاته‌كه‌ی له‌ عیراق له‌ گشت بواره‌كاندا كرده‌وه‌، لۆدریان به‌ ‌فه‌رمی و به‌ ناوی وڵاته‌که‌یه‌وه‌ بانگهێشتی سه‌رۆك كۆماری كرد که‌ سه‌ردانی فه‌ره‌نسا بکات.


PM:07:16:14/01/2019






ئه‌م بابه‌ته 976 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت