ڕیکلامە بازرگانیەکان لەنێوان قازانجی سەرمایەداران و شێواندنی بەها کۆمەڵایەتیەکاندا


وێستگە نیوز-

ئامانجیانە کاڵاکانیان ساغبکەنەوە، دەیانەوێت قازانجی زیاتر بکەن، ڕیکلام دەکەن و کاڵاکانیان بە بەکاربەران دەناسێنن، شارەزایان پێیان وایە هەندێک لەو ڕیکلامانەی بۆ کاڵاکان دەکرێن لادانیان تێدایە لە بەها کۆمەڵایەتیەکان و ئادابە گشتیەکان، هەندێکیش بە مەترسی بۆ سەر کەلتور و یەکسانیی و بەهاکانی مرۆڤ ناوی دەبەن.

 لە سەردەمی نوێدا کە راگەیەندنەکان گەیشتوونەتە هەموو ماڵێک و وەرگرانی پەیامەکانی میدیا لە کۆی تەمەنەکان پێکدێن و لە منداڵێکەوە کە تازە فێری قسەکردن دەبێت تا کەسێکی بەتەمەن بەدیار ڕاگەیاندنەکانەوە دادەنیشن و چاوەڕێی ئەو پەیامانەن کە بە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ لە بەرهەمە مدییاییەکانەوە پەخش دەکرێن.

ئەوەی لەم سەردەمەدا مەودایەکی فراوانی ڕاگەیاندنەکانی داگیرکردووە ئەو ڕیکلامە بازرگانیانەیە کە بۆ کاڵا و خزمەتگوزاریەکان دەکرێن و لە ڕێگەیانەوە وا لە وەرگران دەکرێت مەیلی بەکارهێنانی کاڵا و خزمەتگوزاریەکانیان هەبێت.

بۆ زۆرێک لە ڕیکلامە ڤیدیۆییەکان سیناریۆی سەرنجڕاکێش و زۆر جار کۆمیدی دادەڕیژرێت و پیشانی وەرگران دەدرێت، لە ڕیکلامەکاندا کارەکتەر دەردەکەوێت و ڕۆڵ دەبینێت بەشێوەیەک کە دەبێتە پاڵەوانی ناو چیرۆکی رایکلامەکە و ئەوەش دەبێتە هۆی زیاتر دەرکەوتنی ئەو کارەکتەرە و کاریگەربوونی بەسەر بینەر و وەرگرەوە.




د.جەعفەر عومەر پسپۆڕێ دەروونیی، تایبەت بە وێستگە نیوز دوا و تیشکی خستە سەر لایەنە ئەرێنی و نەرێنییەکانی ئەو هەڵسوکەوتانەی کە لە ڕیکلامەکاندا کارەکتەرەکان ئەنجامی دەدەن و جەختیکردەوە ئەگەری زۆر ئەوەیە هەڵسوکەوتەکە لەلایەن کەسانی ترەوە دووبارە بکرێتەوە.

د.جەعفەر عومەر ئاماژەی بەوەکرد "بینین یەکێکە لەو ڕێگایانەی کە مرۆڤ بەهۆیەوە فێر دەبێت، بە شێوەیەکی گشتی منداڵ و گەورە و سەرجەم تەمەن و توێژەکان بەهۆی بینینەوە فێر دەبن، لەم سەردەمەدا ڕاگەیاندنی بینراو ڕێگایەکی سەرەکییە بۆ فێربوون لەڕێگای بینینەوە".

ناوبراو ڕونیشتکردەوە "زۆرێک لە ڕیکلامەکان بەشێوەیەکی ڕازێنراوە نمایش دەکرێن و کاری زۆریان تێدا کراوە بۆ ئەوەی زوتر کاریگەری دروستبکەن لەسەر سەرنجی مرۆڤ، ئەوەش هۆکارە بۆ ئەوەی ڕیکلامەکان زووتر بگەنە وەرگر بە بەراورد بە بەرهەمەکانی تری ڕاگەیاندن".

ئەو پسپۆڕە دەروونیە جەختیکردەوە "هەم منداڵ و هەم گەورە دەکەوونە ژێر کاریگەری ڕیکلامەکان و بە هەر شێوەیەک بێت هەڵسوکەوتەکان دووبارە دەکەنەوە، منداڵ بەشێوەی هەستپێکراوی و ئاگادارانە ئەو هەڵسوکەوتانە دووبارە دەکاتەوە کە لە ڕیکلامەکاندا ئەنجامەدرێن، بەڵام گەورەکان لە ڕێگەی نەستەوە و بەشێوەیەک کە خۆی ئاگادار نییە هەڵسوکەوتەکان دووبارە دەکاتەوە".

د.جەعفەر عومەر ئاماژەی بەوەشکرد "زۆرێک لە ڕیکلامە بازرگانیەکان نەیانتوانیوە پەیامە بازرگانیەکەیان بگەیەنن بە وەرگران، بەڵکوو کۆمەڵی پەیامی تری لاوەکیان گەیاندووە وەکو جلوبەرگ و جوڵە و هەڵسوکەوتێکی دیاریکراو، کە ئەمەش بووەتە هۆی دووبارەکردنەوەی لەلایەن وەرگرانەوە و بەو شێوەیەش ئەو هەڵسوکەوتانەی کە لە سیناریۆی ڕیکلامەکاندا ئەنجامدەدرێن دەبنە هەڵسوکەوتی گشتی".




هەندێک لە شارەزایان پێیان وایە ئەو شێوازی ڕیکلامەی کە لە کوردستان کاری لەسەر دەکرێت بەکاڵاکردنی مرۆڤە و لە کاتی بەرهەم هێنانی ڕیکلامەکاندا بەهای مرۆڤ لەبەرچاو نەگیراوە و ڕەچاوی ئەوە نەکراوە کە ڕیکلامەکە دەگونجێت لەگەڵ پێوەرە هونەری و ئەخلاقیەکاندا یان نا.

نەبەز گۆران نوسەر و ڕۆژنامەنوس بۆچوونی خۆی لەبارەی یەکێک لەو ڕیکلامانەوە خستوەتەڕوو کە تێیدا کارەکتەری ناو ڕیکلامەکە هەڵسوکەوتێکی نەگونجاو ئەنجامدەدات بەرامبەر دایکی هاوسەرەکەی.

نەبەز گۆران ئاماژە بەوە دەکات "كاتێك ئەم ریكلامە دەبینیت، تێدەگەیت دونیای بەكاڵابوو، لە پێناو بازاڕدروستكردنێك تا چ ئاستێك دابەزیووە، ئەم ریكلامە بەرلەوەی بێحورمەتی بێت بە هونەرمەندێك، بێحورمەتییە بە مرۆڤێك لە پێناو دروستكردنی بازارێك بۆ جۆرێک چا".

ئەو نوسەرە ئاماژەی بەوەشکردووە "ئێمە قسە لەسەر هونەرمەندەكە ناكەین، چۆن رێگەی داوە بەم جۆرە لە سیناریۆییەكی ریكلامیدا رازی بێت بێحورمەتی بەخۆی بكات، قسە لەسەر ئەوەش ناكەین بۆچی كۆمپانیاییەكی ریكلام بۆ دروستكردنی بازاڕ بەم ئاستە نزمەوە ریكلام دەكات، لە تەنیشت ئەوەدا قسە لەسەر مرۆڤ و هونەرمەند دەكەین، نە مرۆڤ نە هونەرمەند ئەگەر بەواتا راستەقینەكەی كەسی هونەرمەند و مرۆڤ، لەم دوو چەمكە تێگەیشتبێت، ناكرێت رێگە بە خۆی بدات بچێتە ناو جیهانێكەوە، ئەو جیهانە ئامادەیە بۆ بازاركردنی خۆی، هەموو جۆرە بێحورمەتییەك بەرهەمبهێنێت".

نەبەز گۆران باسی لەوەشکردووە "دونیای ریكلامی كوردیی، پڕە لەم جۆرە لە بێحورمەتی بە مرۆڤ، بە هونەر، بە بەرهەمی ناوخۆ، بە كلتوور و فەرهەنگی ئێمە، نە شوێنێك هەیە چاودێری بكات، نە سەندیكایەك هەیە وانەیەك لە بارەی شكۆی مرۆڤ و هونەرەوە، وانەیەك لە بارەی بەرهەمی ناوخۆ و كلتوورە، وانەیەك لەبارەی جیاوازی كاڵاو شكۆوە، بەم كۆمپانیایانە بدات".




لە زۆرێک لە ڕیکلامەکاندا ئەو کەسانەی ڕۆڵ دەبینن بە چەندین شێوە جوڵە و هەڵسوکەوت دەیانەوێت سەرنجی بینەر و وەرگر بەلای خۆیاندا ڕابکێشن، هەندێک لەو جووڵانە جوڵەی نائاسایین و خوێندنەوەی جیاوازیان بۆ دەکرێت، لەو بارەیەوە شارەزایەکی زمانی جەستە پێی وایە نەگونجاوی هەندێک لەو جووڵانەی کە لە ڕیکلامەکاندا دەبینرێت کاریگەری نەرێنی دەبێت لەسەر وەرگران.

هاوکار ڕەفیق ڕەحمان شارەزا لە زمانی جەستە سەبارەت بەو پرسە ئەوەی بۆ وێستگە نیوز خستەڕوو "ڕیکلامی تەلەفیزیۆنی بەشێوەیەکی بەرچاو زیادیکردووە، به‌ڵام ده‌بینین زمانی جه‌سته‌ی ئه‌و کاره‌کته‌رانه‌ی به‌م پرۆسه‌ی ڕێکلامه‌ هه‌ڵده‌ستن، زۆربه‌ی کات پێچەو‌انه‌ی ئه‌وه‌یه‌ که‌ به‌ زاره‌کی ده‌یڵێن، یان له‌ ڕه‌فتار و جوڵه‌یاندا سنور ده‌به‌زێنن".

شارەزاکەی زمانی جەستە ئاماژ بۆ ئەوەش دەکات "کارەکتەری ناو ڕیکلامەکان زۆرکات به‌ شێوه‌ی ناڕێکخراو و شپرزه‌ ده‌رده‌که‌ون، بێ متمانه‌یی و لاوازی به‌ زمانی جه‌سته‌یانه‌وه‌ دیاره‌".

هاوکار ڕەفیق بوونی فلتەر بۆ هەڵسەنگاندی ڕیکلامەکان بە پێویست دەزانێت و دەڵێت "خالێکی دیکه‌ی جه‌وهه‌ری بریتیه‌ له‌وه‌ی به‌شێک له‌و جوڵه‌ و ڕه‌فتارانه‌ی که‌ کاره‌کته‌ره‌کان له‌ ڕیکلامکردندا ده‌یکه‌ن، نه‌گونجاوه‌ و کاریگه‌ری نه‌رێنی ده‌گوازێته‌وه‌، به‌تایبه‌تی له‌سه‌ر ڕۆشنبیری خێزان و په‌روه‌رده‌ی مناڵ، بۆیه‌ گرنگه‌ ئه‌و ڕه‌فتار و بزاوته‌ جه‌سته‌یی و ڕوخسارییانه، له‌لایه‌ن که‌سانی شاره‌زاوه‌‌ پێشوه‌خت فلته‌ربکرێن".

بەشێوەیەکی گشتی لە کاتی بەرهەم هێنانی هەر ڕیکلامێکدا دەبێت ڕەچاوی چەند بابەتێکی کۆمەڵاتی و ئابووری تایبەت بەو کۆمەڵگایە بکرێت کە ڕیکلامەکەی ئاراستە دەکرێت، شارەزایان چەند خاڵێکی سەرەکییان دەستنیشانکردووە بۆ ئەوەی لەکاتی بەرهەمهێنانی ڕیکلامەکاندا ڕەچاو بکرێن:

خۆبه‌دورگرتن له‌ گاڵته‌جاری و ده‌ربرینی بازاڕی.

به‌کارنه‌هێنانی ئاماژه‌ی فریودان و جنێودان.

ڕه‌چاوکردنی ئه‌و پۆشاک و که‌ره‌ستانه‌ی به‌کار ده‌هێنرێن.

مرۆڤ به‌ جیاوازی ڕه‌گه‌ز و ئاسته‌کانیه‌وه‌ نه‌کرێته‌ ئامرازی ئامانجێکی بازرگانی.

گرنگی به‌ هه‌ستی چینه‌ جیاوازه‌کانی کۆمه‌ڵگه‌ بدرێت، وه‌ک  خاوه‌نپێداویستی تایبه‌ت، به‌ته‌مه‌ن، ئافره‌ت و منداڵ.

لەژێر ڕۆشنایی ئەو پێوەرانەی کە ئاماژەیان پێکرا دەتوانین سەرنجی ئەو ڕیکلامە بازرگانیانە بدەین کە لە ڕاگەیاندنە کوردیەکانەوە پەخشدەکرێن و ڕۆژانە بە دەیان جار دووبارە دەکرێنەوە و زۆرێک لە خێزانەکان بە منداڵ و گەورەوە سەیری دەکەن و زۆر جاریش سەرسامی دەبن و هەڵسوکەوتەکانیان دووبارە دەکەنەوە.

لێرەوە سەرجەم وەرگران و بینەران خۆیان دەتوانن ببنە بڕیاردەر لەوەی کام ڕیکلام گونجاوە و کام ڕیکلام نەگونجاوە، کام ڕیکلام ڕەچاوی پێوەرەکانی کردووە و کام ڕیکلام بێگوێدان بەو پێوەرانە بەرهەمهێنراوە.


PM:02:03:14/01/2019


ئه‌م بابه‌ته 8180 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو