هۆگر عەزیز، وتەبێژی پۆلیسی هەولێر بە وێستگه نیوز-ی راگەیاند: " شهڕهكه ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە 12ی كانونی دووهمی 2019 لەنێوان دوو دراوسێ لە گەڕەکی مامزاوەی هەولێر روویداوه و بەهۆیەوە کوڕ و باوکێک کوژراون و سێ کەسی دیکەش برینداربوون.
وتیشی:"لێکۆڵینەوەکان لە رووداوەکە دەستیپێکردووە و تائێستا بە دروستی هۆکاری رووداوەکە نەزانراوه، تیمەکانیشمان سەرقاڵی لێکۆڵینەوەن لە رووداوەکە و دواتر وردەکارییەکان بڵاودەکەینەوە."
شایهتحاڵێكی روداوەکەش رایگهیاندوه: " ئەوانەی کوژراون باوک و کوڕن و پێشتر لەسەر کڕین و فرۆشتنی کۆتر لەگەڵ دراوسێکەیان شەڕ لەنێوانیاندا دروست ببوو"، ئاماژهی بهوهشداوه كه: "جگە لە کوژرانی ئەو دوو کەسە، سێ کەسی دیکەش بریندارن کە دووانیان سهربه ماڵی کوژراوەکەن و ئەوەی دیکەش هی ماڵی بکوژەکەیە".
بە وتەئ شایەتحاڵەکە، ''مانگێک لەمەوبەریش شەڕ لەنێوان هەردوو دراوسێ روویداوە و چەند کەسێکی دیکە لەنێوانیاندا برینداربوون".