فازڵ میرانی: ده‌بێ به‌ زووترین كات سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان هه‌ڵبژێردرێ


وێستگه‌ نیوز -
سكرتێری مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگه‌یاند، كه‌ ده‌بێ به‌زووترین كات سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانی كوردستان هه‌ڵبژێردرێ و ده‌ستبه‌كاربێ و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی دی كه‌ حه‌زیان له‌ به‌شداریكردنی حكومه‌ت هه‌یه‌، ده‌ست به‌ دانوستان بكه‌نه‌وه‌ و خۆیان یه‌كلا بكه‌نه‌وه‌.

میدیاكانی‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان بڵاویانكرده‌وه‌ كه‌ فازڵ میرانی سكرتێری مه‌كته‌بی سیاسی پارتی له‌ هه‌ولێر پێشوازی له‌ هاكان كاراچای كونسوڵی گشتیی توركیا و شاندی یاوه‌ری كرد.

له‌ دانیشتنه‌كه‌دا كه‌ هوشیار سیوه‌یلی به‌رپرسی مه‌كته‌بی په‌یوه‌ندییه‌كانی پارتی ئاماده‌ی بوو، فازڵ میرانی، رۆشنایی خسته‌ سه‌ر ره‌وشی ئه‌مڕۆی عیراق به‌ گشتیی و كوردستان به‌ تایبه‌تی، پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و ته‌واوكردنی پێكهاته‌ی كابینه‌ی حكومه‌تی عێراقی فیدراڵ ته‌وه‌رێكی دیكه‌ی دیداره‌كه‌ بوو.

فازڵ میرانی دووپاتی كرده‌وه‌ كه‌ "جه‌خت له‌وه‌ ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ ده‌بێ سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانی كوردستان به‌ زووترین كات هه‌ڵبژێردرێ، ده‌ستبه‌كاربێ".

وتیشی‌: "لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی تر كه‌ حه‌زیان هه‌یه‌ به‌شدار بن له‌ حكومه‌تی تازه‌ ده‌بێ له‌ كاتێكی كورتدا بڕیاری خۆیان بده‌ن و خۆیان یه‌كلا بكه‌نه‌وه‌ و به‌م نزیكانه‌ له‌ نێوان لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان ده‌ست به‌ دانوستان بكرێ".

له‌م دیداره‌دا جارێكی تر بابه‌تی په‌یوه‌ندی دووقۆڵی نێوان حكومه‌ت و گه‌لی توركیا و حكومه‌ت و گه‌لی كوردستان باسی لێوه‌كرا و به‌ په‌یوه‌ندی زۆرباش و مێژوویی له‌ قه‌ڵه‌م درا و جه‌خت له‌ به‌هێزكردنی ئه‌م په‌یوه‌ندییه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندی هه‌ردوولا كرایه‌وه‌.

له‌ لای خۆیه‌وه‌ هاكان كاراچای كونسوڵی گشتیی توركیا له‌ هه‌ولێر هیوای خواست پارتی سه‌ركه‌وتووبێ له‌ پێكهێنان و ده‌ستبه‌كاربوونی حكومه‌تی تازه‌ی هه‌رێمی كوردستان و هیوای سه‌ركه‌وتنی بۆ حكومه‌ت و گه‌لی كوردستان خواست.

له‌گه‌ڵ‌ ئه‌وه‌ی‌ 104 رۆژ به‌سه‌ر هه‌ڵبژاردنی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستاندا تێپه‌ڕیوه‌، به‌ڵام تا ئێستا لایه‌نه‌كان له‌سه‌ر پێكهێنانی‌ كابینه‌ی‌ نۆیه‌می‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم نه‌گه‌شتوونه‌ته‌ رێككه‌وتن.


PM:06:31:12/01/2019


ئه‌م بابه‌ته 1788 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو