پۆلیس لەبارەی کەیسی گیان لەدەستدانی سێوان قادر ڕونکردنەوە دەدات

‌سەرکەوت ئەحمەد

وێستگە نیوز-

پۆلیسی سلێمانی ڕایگەیاند سەرجەم راپۆرتەکانیان ئاراستەی دادگا کردووە و دەبێت دادگا بڕیاری کۆتایی لە کەیسەکە بدات، ئەو زانیاریانەشی ڕەتکردەوە کە باس لە بێتوانبوونی یەکێک لە تۆمەتبارەکان دەکەن.

سەرکەوت ئەحمەد بەرپرسی راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا تیشکی خستە سەر دوا گۆڕانکاریەکانی کەیسیگیانلەدەستدانی سێوان قادر و منداڵەکانی.

سەرکەوت ئەحمەد ئاماژەی بەوەکرد "ڕاپۆرتەکان تەواو بووە و سەرجەم راپۆرت و لێکۆڵینەوەکان خراونەتە بەردەستی دادگا".

ئەوەشی خستەڕوو "ڕاپۆرتی بەرگری شارستانی و تیمی بەڵگەی تاوان و ڕاپۆرتی پۆلیس ئاراستەی دادگا کراون و کەیسەکە هیچ پەیوەندی بە پۆلیسەوە نەماوە و دەبێت دادگا بڕیاری لەبارەوە بدات".

ناوبراو وتیشی "ئەو زانیاریانە فەرمیی نین کە باس لەوە دەکەن یەکێک لە تۆمەتبارانی کەیسەکە بێتاوان دەرچووە".

بەرپرسی راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی ڕونیکردەوە "پۆلیس بە هیچ شێوەیەک زانیاری لەو شێوەیەی بڵاونەکردووەتەوە و هەر زانیارییەکی فەرمی هەبێت رایدەگەیەنین".

ماوەیەک پێش ئێستا لە قەزای چەمچەماڵ بەهۆی ئاگرەوە ژنێک و سێ منداڵی سوتان و دواتر هەرچواریان گیانیان لەدەستدا و پۆلیس هاوسەری ژنەکە و یەکێک لە دراوسێکانی ئەو ماڵەی دەستگیرکرد و تا ئێستا لێکۆڵینەوەکامن بەردەوامن.


PM:02:44:12/01/2019


ئه‌م بابه‌ته 27940 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت