سەنتەری میترۆ داوای ئازادکردنی دەستگیرکراوان دەکات


وێستگە نیوز-

سەنتەری میترۆ دەستگیرکردنی چالاکوانان بە فەرزکردنی کۆتوبەند ناودەبات و جەختدەکاتەوە ئەنجامدانی ڕەفتاری سەرکوتکاریی لە سەکۆی ئازادی هەموو ئەوانە دەخاتە بەردەم بەرپرسیارێتییەوە کە باسی ڕێبازی مام جەلال دەکەن، داواش دەکات دەستبەجێ دەستگیرکراوان ئازاد بکرێن.

سەنتەری میترۆ لە ڕاگەیەنراوێکدا ئەوەی خستوەڕوو "فەرز كردنی كۆتوبەند لەسەر فەزای مەدەنی هەوڵێكی شكستخواردووی هێزە ئەمنییەكانە بۆ بێدەنگكردنی خەڵك لە ئاست ئەو پێشێلكارییانەی بەرامبەر بە مافی مرۆڤ دەكرێت".


لە ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە "سەنتەری میترۆ بە نیگەرانییەوە چاودێری ئەو هەڵمەتە دەكات كە بە شێوەیەكی فراوان لە شارەكانی سلێمانی‌ و كەلار و قەڵادزێ دەستیپێكردوە، دەیان چالاكوانی مەدەنی ‌و هەڵسوڕاوی سیاسی دەسبەسەركراون، هەندێكیان بە كەفالەت ئازادكراون‌و ئەوانی تر جارێ دەسبەسەرن".

لە راگەیەنراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە "هێزە ئەمنییەكان لەو شارانەدا هەڵدەكوتنە سەر هەر چالاكییەكی مەدنی كە پەیوەندیدارە بە هێزانەی دژایەتی حكومەتی توركیا دەكەن، خۆپیشاندان ‌و گربونەوەی لەو چالاكوانانە قەدەغەكردوە، تا كار گەیشتە داخستنی هۆڵی سینما سالم لە شاری سلێمانی".

سەنتەری میترۆ ئاماژەی بەوەشکردووە: رەفتاری سەركوتكردنی چالاكی مەدەنی لە شوێنێكی وەك پاركی ئازادی و سەكۆی ئازاد كە بیرۆكەی مام جەلال بوو بۆ فراوانكردنی پانتایی رەخنەگرتن تا دەگاتە "جوێندان بە خۆی"، هەموو ئەوانەی كە رۆژانە باس لە "رێبازی مام" دەكەن، دەخاتە بەردەم بەرپرسیارێتی.


لە ڕاگەیەنراوەکەدا سەنتەری میترۆ داواش دەكات دەسبەجێ دەسبەسەركراوەكان بە بێ مەرج ئازاد بكرێن.


ئەوە لە کاتێکدایە لە دوێنێوە چەندین چالاکوان و ئەندامی تەڤگەری ئازای دەستگیرکراون و لە زیندانی کانی گۆمەی سلێمانی دەستبەسەر ن و مانیان لە خواردن گرتووە.



AM:11:14:12/01/2019


ئه‌م بابه‌ته 536 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت