راگەیەندراوی جوڵانه‌وه‌ی نه‌وه‌ی نوێ له‌سه‌ر ده‌ستگیركردنی ئه‌ندامانی ته‌ڤگه‌ری ئازادی


وێستگه‌ نیوزـ

دوای ده‌ستگیركردنی وته‌بێژ و 50 له‌ ئه‌ندامانی ته‌ڤگه‌ری ئازادی له‌ شاری سلێمانی، جوڵانه‌وه‌ی نه‌وه‌ی نوێ ئیدانه‌ی ئه‌و كاره‌ی كرد و ده‌ڵێت: "ده‌ستگیركردنی ئه‌و كه‌سانه‌ لە شوێنێكدا كە پێیدەوترێت "سەكۆی ئازادیی" و لەناو شارێكدا كە پێیدەوترێت "پایتەختی رۆشنبیریی"، هەڕەشەیەكی مەترسیدارە كە بەرامبەر بە سادەترین بنەمای ئازادیی سیاسیی و ئازادیی رادەربڕین لە هەرێمی كوردستان دا دەكرێت."

ئەمڕۆ هەینی 11ی کانونی دووەمی 2019، جوڵانەوەی "نەوەی نوێ‌"، ئیدانەی دەستگیركردنی تارا حسێن، وتەبێژی تەڤگەری ئازادیی كوردستان و نزیكەی 50  كەسی دیكەی له‌ ئه‌ندامانی ته‌ڤگه‌ر، كە ئەمڕۆ لە سەكۆی ئازادیی شاری سلێمانی و لەلایەن ئاسایشی سلێمانییه‌وه‌ دەستگیركراون.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا جوڵانەوەی نەوەی نوێ ئاماژەی بەوەکردووە، دەستگیركردنی وتەبێژی هێزێكی سیاسیی و نزیكەی 50 كەسی دیكە، لە شوێنێكدا كە پێیدەوترێت "سەكۆی ئازادیی" و هەروەها لەناو شارێكدا كە پێیدەوترێت "پایتەختی رۆشنبیریی"، هەڕەشەیەكی مەترسیدارە كە بەرامبەر بە سادەترین بنەمای ئازادیی سیاسیی و ئازادیی رادەربڕین لە هەرێمی كوردستان دا دەكرێت.

ئاماژەش بەوەشکراوە ئەو کارانە درێژكراوەی ئەو روداوانەی چەند رۆژی رابردویشە، كە ئاسایشی ئەم شارە، درێژەی بە هەمان هەڕەشە بۆ سەر ئازادیی بڵاوكردنەوە و ئازادیی كاری سیاسیی داوە و بەشێكی قەزا و ناحیەكانی ئەم پارێزگایەشی گرتوەتەوە، كە خۆی دەیبینێتەوە لە داخستنی چەندین بارەگای فەرمیی "تەڤگەری ئازادیی" و هەروەها رێگریكردن لە پەخشكردنی فیلمێك، كە مۆڵەتی پەخشكردنیشی هەیە  لەلایەن وەزارەتی رۆشنبیریی حكومەتی هەرێمی كوردستان-ەوە.

لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا جوڵانەوەی "نەوەی نوێ‌"، داوادەكات بەزوترین كات وتەبێژی تەڤگەری ئازادیی و كۆی ئەو كەسانەش ئازادبكرێن، كە ئەمڕۆ لە لایەن ئاسایشی سلێمانی یەوە و لە پڕۆسەیەكی رەشبگیریی دا و بێ‌ بوونی بڕیاری یاسایی دادوەر، دەستگیركراون.

جەختیشیکردووەتەوە، ئەم كارەی ئەمڕۆی ئاسایشی سلێمانی، دژی سەروەریی یاسا و مافەكانی مرۆڤ و ئازادیی سیاسیی و ئازادیی رادەیربڕینە لە هەرێمی كوردستان دا.

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا"نەوەی نوێ‌"، پشتگیریی لە هەر دەنگێكی ئازاد و هەر چالاكییەكی سیاسیی دەكات، كە لەپێناو خزمەتكردندا بێت بە مافەكانی مرۆڤ و ئازادییە گشتییەكان و جێگیركردنی پایەكانی دیموكراسیی لە هەرێمی كوردستان و دژی هەر هەوڵێكیشە، كە ئەم ئازادییانە لەباربەرێت و بۆ ئەم مەبەستەیش، فراكسیۆنەكانی لە پارلەمانی كوردستان و پەرلەمانی عیراق، بەدواداچون بۆ ئەم هەڕەشانە دەكەن.

 ئێوارەی ئەمڕۆ هه‌ینی 11ی كانونی دووه‌می 2019، ڕێکخراوی ژنانی ئازادیی کوردستان –ڕژاک ویستیان لە سەکۆی ئازاد لە پارکی ئازادیی لە سلێمانی، فیلمەکەی ساکینە جانسز نمایش بکەن و بیرهێنانەوەیەک بۆ ساکینە جانسز و هەڤاڵەکانی بكه‌ن و خەڵاتی ساکینە جانسزیش ببەخشن بە لەیلا گوڤەن، بەڵام لەلایەن ئاسایشەوە ڕێگرییان لێکرا.

به‌پێی هه‌واڵه‌كه‌، هێزەکانی ئاسایش لە سلێمانی نزیکەی 50 کەسیان دەستگیرکردووە کە زۆرینەیان ژنن و ده‌شڵێت: "لەناو گیراوەکاندا منداڵێکی تەمەن سێ ساڵ و نیو هەیە".

هاوكات، سۆران حسێن، برای تارا حسێنی وتەبێژی تەڤگەری ئازادی بە ئێن ئاڕ تی ڕاگەیاند، ئاسایشی سلێمانی تارا حسێن و زیاتر لە 50 کەسی دیکەی لە پارکی ئازادی دەستگیرکرد.

ئەمەش لە کاتێکدایە، دوای ڕێگریکردن لە نمایشی فیلمی تایبەت بە ژیان و خەباتی ساکینە جانسز لە سینەما سالم لە شاری سلێمانی، تەڤگەری ئازادی بڕیاریدا لە سەکۆی ئازادی پارکی ئازادی شاری سلێمانی فلیمەکە نمایش بکەن.


PM:08:40:11/01/2019


ئه‌م بابه‌ته 1716 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت