لە هەرێمدا کڕین و فرۆشتن بە کرێکارانی بیانییەوە کراوە


وێستگه‌ نیوزـ
رێکخراوی داکۆکی لە کرێکارانی بیانی ئاماری ساڵی 2018 بڵاوکردەوە و رایگەیاند، لە هەرێمدا زیاتر لە 22 هەزار کرێکاری بیانی هەیە و لە ساڵی رابردوودا 28 کرێکاری بیانی کڕین و فرۆشتنیان پێوەکراوە.


محەمەد هەژار، سەرۆکی رێکخراوی رۆشنبیری و داکۆکی لە کرێکارانی بیانی لە کۆنفرانسێكی رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند، لە ماوەی ساڵی رابردوودا 200 کەیسی لێدان و پاسپۆرت لێسەندن و باندکردن و سوکایەتیکردن بە کرێکارانی بیانی لە هەرێم هەبووە.

وتیشی: "لە ئێستا زیاتر لە 22 هەزار کرێکاری بیانی لە هەرێمدا هەیە و لە ساڵی رابردوودا 35 کەسیان دیپۆرتی وڵاتی خۆیان کردووەتەوە".

راشیگەیاند، لە ماوەی ساڵی رابردوودا 16 کەیسی گیانلەدەستانی کرێکاری بیانی هەبووە و پێنج کەسی دیکەش کوژراون.

ئاماژەی بەوەشکرد، بەپێی ئامارەکانی ئەوان لە ماوەی ساڵی رابردوودا 28 کرێکاری بیانی کڕین و فرۆشتنیان پێوەکراوە و لەو ژمارەیەش 16یان رەگەزی نێرە و 12یان رەگەزی مێ بووە، توانیویانە 12 لەوان رزگاربکەن و تا ئێستا 16ی دیکەیان ماون رزگار بکرێن.

هەر بەپێی ئامارەکانی ئەو رێکخراوە لە ماوەی ساڵی رابردوودا دوو کەیسی دەستدرێژی سێکسی هەبووە.

لە کۆتایی کۆنفرانسە رۆژنامەنووسیەکەدا بەرپرسی ئەو رێکخراوە داوای کرد یاسای کار کارا بکرێتەوە و سنورێک بۆ هێنانی کرێکاری بیانی دابنرێت.

هــ. ر


PM:01:30:11/01/2019


ئه‌م بابه‌ته 11468 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو