سەرۆکی حکومەتی هەرێم و ڕاوێژکاری سەربازی بەریتانیا کۆبوونەوە


وێستگە نیوز-

سەرۆكی حکومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ گەورە راوێژكاری سەربازیی بەریتانیا بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و نوێنەری تێرێزا مەی سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا كۆبۆوە.


ماڵپەڕی فەرمیی سەرۆكایەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان بڵاویکردەوە نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە ژەنەراڵ سیر جۆنز لۆریمەر گەورە راوێژكاری سەربازیی بەریتانیا بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و نوێنەری تێرێزا مەی سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا، بە یاوەریی جۆن وێلكس باڵیۆزی بەریتانیا لە عیراق و مارتن وار كونسوڵی گشتیی بەریتانیا لە هەرێمی كوردستان كرد.

بەگوێرەی هەواڵی ماڵپەڕەکە لە كۆبوونەوەكەدا كاری هاوبەشی ئەمنیی نێوان بەغداد و هەولێر و هاوپەیمانان و پڕۆسەی رێكخستنەوەی وەزارەتی كاروباری پێشمەرگەی هەرێمی كوردستان تاووتوێكران و لەوبارەیەوە شاندی میوان جەختیان كردەوە كە لەگەڵ هاوپەیمانان لەسەر رێكخستنەوە و بەمۆدێرنكردنی وەزارەتی پێشمەرگە بەردەوام دەبن.

ئاماژە بەوەشکراوە "هەردوولا جەختیان لە هەماهەنگیی نێوان هەولێر و بەغداد و هاوپەیمانان بۆ جێگیركردنی سەقامگیری و ئاسایش لەو ناوچانەی كە لە تیرۆر رزگار بوون كردەوە، هەماهەنگیی نێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عیراق كە لە رابردوودا ئەنجامی باشی هەبووە‌ دووپات كرایەوە و شاندی میوان پشتگیریی خۆیان بۆ ئەو هەماهەنگییە نیشاندا".


PM:11:50:10/01/2019


ئه‌م بابه‌ته 964 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو