سێ مانگ مۆڵەت درایە سەرکردایەتی یەکێتی

‌ئەرشیف

وێستگە نیوز-

ئەنجومەنی مەڵبەندی سلێمانی یەکێتی کۆبوونەوەی ئەنجامدا و لە کۆبوونەوەکەدا بە توندی دۆخی ناوخۆیی حزبەکە ڕەخنەی لێگیرا و وادەی سێ مانگ دانرا بۆ سەرکردایەتی ئەو حزبە بۆ بەستنی کۆنگرەی چوارەم کە ماوەی شەش ساڵ لە وادەی خۆی دواکەوتووە.


سەرچاوەیەکی ئاگادار لە مەڵبەندی سلێمانی یەکێتی نیشتیمانیی کوردستان کە پێی باش نەبوو ناوی ئاشکرا بکرێت بە وێستگە نیوزی راگەیاند "ئەمڕۆ پێنجشەممە ئەنجومەنی مەڵبەندی سلێمانیی یەکێتی نیشتیمانیی کوردستان بە سەرپەرشتی قادر حەمەجان بەرپرسی مەڵبەندی سلێمانیی کۆبوونەوەی ئەنجامداوە".

سەرچاوە ئاگادارەکە ئاماژەی بەوەشکرد کۆبوونەوەکە لەسەر راسپاردەی ئەو بەرپرسانەی یەکێتی بووە کە پێیان باشە کۆنگرە ببەسترێت و بەباشی نازانن لەوە زیاتر دوابخرێت.

ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەشکرد "لە کۆبوونەوەکەدا ئەندامانی ئەنجومەنی مەڵبەند بە توندی ڕەخنەیان لە دۆخی ناوخۆیی یەکێتی گرتووە".

وتیشی "بابەتی بەستنی کۆنگرە بووە بابەتی گفتوگۆی بەشداربووانی کۆبونەوەکە و جەختیان لەوەکردەوە دەبێت بەزوترین کات کۆنگرە ببەسترێت".

بە گوێرەی زانیاریەکانی سەرچاوە تایبەتەکەی وێستگە نیوز لە کۆبوونەوکەدا ئەندامانی ئەنجومەنی مەڵبەند تا سەرەتای بەهاری ئەمساڵیان دەستنیشانکردووە بۆ بەستنی کۆنگرە و رایانگەیاندووە لە ئەگەری نەبەستنی کۆنگرە لەو وادەیەدا کە دەستنیشانکراوە هەڵویستیان دەبێت.

وێستگە نیوز زانیویەتی سەرجەم ئامادەکاریەکانی بەستنی کۆنگرەی چوارەمی یەکێتی نێشتیمانیی کوردستان کۆتاییان هاتووە و تەنها ئەوە ماوە کاتێکی بۆ دەستنیشان بکرێت.

یەکێتی نیشتیمانیی کوردستان ماوەی دە ساڵە هیچ کۆنگرەیەکی نەبەستووە و شەش ساڵ بەسەر وادەی دەستنیشانکراوی بەستنی کۆنگرەدا تێپەڕیووە.

چاودێران پێیان وایە ناکۆکی باڵەکانی ناو ئەو حزبە ڕێگرە لەوەی کۆنگرە ببەسرێت و هۆکارەکەشی دەگەڕێننەوە بۆ ململانێی باڵەکان لەسەر پۆستەکانی ناو حزبەکە.

بەگوێرەی ئەو زانیاریانەی دەست وێستگە نیوز کەوتووە ئێستا فشارێکی گەورە لە ناو ئەندامانی ئەو حزبەدا سەری هەڵداوە و داوای بەستنی کۆنگرە دەکەن.


PM:11:27:10/01/2019


ئه‌م بابه‌ته 11256 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو