هۆکاری لەرزینی ئۆتۆمبێڵ


وێستگه‌ نیوز ـ
ئۆتۆمبێل یەكێكە لەو دروستكراوانەی دەستی مرۆڤ كە دەكرێت رووبەڕووی كێشە ببێتەوە، یەكێك لەو كێشانەی كە ئۆتۆمبێل رووبەڕووی دەبێتەوە لەرزینی ئۆتۆمبێلەكەیە كە بەپێی وتەی پسپۆڕانی بواری سەلامەتی ئۆتۆمبێل چەند هۆكارێك هەیە، لەوانە:


1- نەگونجان یان پیسی رۆن: زۆركات خەستی یان روونی رۆن دەبێتە هۆی لەرزینی بزوێنەر، یان كاتێك رۆن زۆر پیس دەبێت هەمان نیشانە دروست دەكات، بۆیە پێویستە بە پێی ئەو پلەیە رۆنی بزوێنەر هەڵبژێرین كە كۆمپانیای دروستكار نیشانی كردووە، یان پرسیار لە كەسێكی شارەزا بكەین بۆ گونجاویی رۆنەكە، سەرەڕای ئەوەی ئاگامان لەكاتی گۆڕینی رۆن بێت. چونكە ئەگەر رۆن لەرادەی خۆی پیستر بوو، ئەوا دەبێتە هۆی داخورانی بەشەكانی ناوەوەی مەكینە.

2- تێكچوون یان قرتانی قۆڵاغ: قۆڵاغ ئەو پارچەیەیە كە بزوێنەری بەستۆتەوە بە لاشەی ئۆتۆمبێلەكە، بێگومان كە بزوێنەر بەهۆی كاركردنییەوە كەمێك لەرزینی هەر هەیە، بەهۆی ئەوەشی لە نێوان قۆڵاغ و لاشەی ئۆتۆمبێل لاستیكێكی ئەستور هەیە، لەرزینی مەكینە ناگوێزرێتەوە بۆ لاشەی ئۆتۆمبێلەكە. بەڵام كاتێك قۆڵاغ دەقرتێت یان لاستیكەكەی تێك دەچێت، ئەوا لەرزینەكە دەگوێزرێتەوە بۆ لاشەی ئۆتۆمبێلەكە.

3- لاوازیی پاتری یان دینەمۆ: ئەمەش یەكێكی ترە لە هۆكانی لەرزینی ئۆتۆمبێل، ئەگەر هەستت بەوەكرد لە كاتی داگیرساندنی لایتەكان یان سەر و خوار پێكردنی جامەكان لەرزینەكە زیادبوو، ئەوا كێشە لە باتری یان دینەمۆكەتدایە، یان باترییەكەت لاوازە (با تازەش بێت، لەوەیە وزەی كەمتر بدات و ئەوە پەیوەندی بەجۆر و قەبارەی باتریەكانەوە هەیە)، وەیان دینەمۆكەت بە باشی كاری خۆی ناكات.

4- كێشەی پلاكەكان: زۆركات كۆنی پلاكەكان یان هەڵە بەستنیان لەرزین دروستدەكەن.

5- كێشەی نۆزڵەكان: كار بە ئۆتۆمبێلەكەت بكە و هەر جارەی سەری نۆزڵێك لێبكەرەوە، ئەگەر لەرزینەكە زیاد بوو، ئەوا ئەو نۆزڵە كێشەی نییە، ئەگەر لەرزینەكە وەك خۆی بوو، ئەوا كێشەكە لەو نۆزڵەدایە و دەبێت پاك بكرێتەوە یان بزانرێت كێشەی چی تری تێدایە.

6- تێكچوونی پستۆنەكان: ئەگەر هیچ كام لەو خاڵانەی سەرەوە نەبوو، ئەوا كێشەكە لەناو بزوێنەرەكەدایە و پرسیار لە كەسی شارەزا بكە بۆ كردنەوە و چاك كردنەوەی.

سەرچاوە/ هاتوچۆی سلێمانی

هــ. ر


PM:01:30:10/01/2019


ئه‌م بابه‌ته 19016 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو