پیاوی ئەرکە قورسەکان عێراق جێدەهێڵێت


وێستگە نیوز-
ڕاپۆرت؛ بەڵێن عزەت میکە

چواردە مانگ لە گفتوگۆی نهێنیدا بوو لەگەڵ بەرپرسانی ئێران بۆ ئازادکردنی چوار ئەمریکی کە لەلایەن حکومەتەکەی تارانەوە دەستگیرکرابوون، دواجار مەکگۆرگ سەرکەوتووبوو لە ئازادکردنی دەستگیرکراوەکان، ئەوە بۆ مەکگۆرگ دەستکەوتێکی گەورەبوو، متمانەی ناوبراوی لە کۆشکی سپی زیاتر کرد، ئۆباما وەک نوێنەری خۆی دەستنیشانیکرد بۆ شەڕی دژی داعش، بەڵام مەکگۆرگ لە ناوچەکەدا و بەتایبەتی لە عێراق ڕۆڵی زیاتری بینی لەوەی بۆی دەستنیشانکرابوو، زۆر جار دەستی دەخستە
ناو ململانێ ناوخۆییەکان و تەنانەت لە سلێمانی و هەولێر کۆبونەوەی بە لایەنە کوردیەکان دەکرد و هەوڵی ئەوەی دەدا بڕیاری بایکۆتکرنی حکومەتیان پێ بگۆڕێت، هەندێک لە سیاسیە کوردەکان بە کەسێکی لێهاتوو ناوی دەبەن، بەڵام لە سەروبەندی ئەنجامدانی ڕیفراندۆمدا بە کەسێکی" بێ ئاگا" ناوبرا، ئەوەش دژی ‌هەڵویستەکەی بوو لەبارەی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستانەوە، دواجار و دوای چواردە ساڵ دەستی لەو پۆستە کێشایەوە کە چاودێران بە داڕێژەری سیاسەتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناوی دەبەن.

ساڵی ٢٠٠٤ مەکگۆرک وەکو شارەزایەکی دادوەریی و بە پۆستی یارمەتیدەری یاسایی باڵۆزی ئەمریکا لە عێراق، ڕووی لەو شارە کرد کە کەمتر لە ساڵێک بوو پەیکەری دیکتاتۆرێکی تێدا شکێنرابوو.

وەرگرتنی ئەو پۆستە بۆ مەکگۆرک سەرەتای چوونە ناو سیاسەت بوو، چوونکە ئەو پێشتر یاریدەدەری سەرۆکی دادگای باڵای فیدڕاڵیی ئەمریکا بوو.

مەکگۆرک لە سەروبەندی نوسینەوەی دەستوری راگوزەری عێراقدا وەکو ڕاوێژکاری یاسایی سەرپەرشتی پرۆسەکەی کردووە، لەوکاتەوە پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ سەرکردەکانی سەرجەم پێکهاتەکانی عێراق پەیداکردووە.

دوای ئەوەی ئەو ئەرکەی کە بۆی دەستنیشانکرابوو لە نوسینەوەی دەستووری راگوزەری عێراقدا بە سەرکەوتووی بەئەنجامی گەیاند، ناوبراو وەکو بەرپرسی کاروباری عێراق لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکیی دستبەکاربوو.

دواتریش بوو بە ڕاوێژکاری تایبەتی جۆرج بوشی کوڕ کە ئەوکات سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بوو، بە دەستپێکردنی لەو ئەرکەیدا داوای لە سەرۆکی وڵاتەکەی کرد ژمارەی هێزەکانی لە عێراق زیاتر بکات و بە ڕێگەی سەربازیی بەرژەوەندییە ئەمریکیەکان لە عێراق بپارێزێت.

دوای ئەوەی ساڵی ٢٠٠٩ کۆتایی بە ویلایەتی جۆرج بوش هات و باراک ئۆباما وەک سەرۆکی نوێی وڵاتەکەی دەستبەکاربوو، مەکگۆرک یەکێکبوو لەو سێ سیاسەتمەدارەی کە لە کۆشکی سپی مانەوە و بوونە هاوکاری سەرۆکە نوێکە، پۆستی نوێی مەکگۆرک لە ئیدارەکەی ئۆبامادا بریتیبوو لە ڕاوێژکاری سەرۆکی ئەمریکا و راوێژکاری باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق.

ساڵی ٢٠١٠ بۆ مەکگۆرک ساڵێکی قورس بوو، قەیرانی پێکهێنانی حکومەتی فیدراڵی عێراق تا دەهات قوڵتر دەبوەوە، لایەنە کوردیەکان بانگەشەی ئەوەیان دەکرد بایکۆتی پێکهێنانی حکومەتی عێراق دەکەن، ئەمریکاش بە هەموو هێزیەوە دەیویست بەزوترین کات حکومەتی نوێی عێراق پێکبێت و لەسەر هەمان ئەو بنەما تەوافقیە بێت کە لە واشنتۆنەوە بۆی داڕێژرابوو، مەکگۆرک ڕاستەوخۆ سەرپەرشتی ئەو کەیسەی دەکرد، دەبوو کورد ڕازیبکات بە بەشداربوون لە حکومەتی فیدراڵی عێراق، دوای چەندین کۆبونەوەی چەند کاتژمێریی لەگەڵ لایەنە کوردیەکان، دواجار مەکگۆرک توانی سەرجەم حزبە کوردیەکان ڕازی بکات بەوەی بەشداربن لە حکومەتی فیدراڵیی عێراق، دوای ئەو ڕوداوە ئیتر مەکگۆرک بوو بە ناوێک لەو ناوانەی کە لە مێژووی کورددا کاریگەریان هەبووە وەک (مارک سایکس و جورج پیکۆ و لۆرانس و بێل و کیسنجەر).

مەکگۆرک لە هەولێر بوو ئەوکاتەی چەکدارانی داعش هێرشیانکردە سەر موسڵ و لە بەغداش نزیک بوونەوە، مەکگۆرک بە خێرایی خۆی گەیاندە بەغدا و لەگەڵ ١٥٠٠ کارمەندی باڵۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق کاریانکرد بۆ ئەوەی بە زوویی چارەسەرێک بۆ دۆخەکە بدۆزنەوە، دوای ئەوە ئەرکی ناوبراو لە جاران زیاتر قورسبوو، وەک نوینەری ئۆباما لە شەڕی دژی داعش دەستنیشانکرا و ڕۆڵیکی گەورەی بینی لە پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراقدا بەسەرۆکایەتی حەیدەر عەبادی.

مەکگۆرک لەگەڵ ئۆباما و جۆن ئالین لە کۆشکی سپی نەخشەی پێکهێنانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعشیان داڕشت و لە کۆتایی ساڵی ٢٠١٤ یەکەم کۆبونەوەی هاوپەیمانێتییەکە لە برۆکسل بەسترا.



دوای پێکهێنانی ئەو هاوپەیمانێتییە، برێت مەکگۆرک ڕۆڵی هەبوو لە نزیککردنەوەی ئەمریکا و کوردانی ڕۆژئاوا، چەندین جار سەردانی ڕۆژئاوای کرد و لەگەڵ بەرپرسانی یەپەگە کۆبوەوە و پلانی هاوبەشیان دانا.

لە هەمان ساڵدا کە چوار دیپلۆماتکاری ئەمریکی لەلایەن ئێرانەوە دەستگیرکران، مەکگۆرک دەستیکرد بە هەوڵەکانی بۆ ئازادکردنیان و دواجار دوای ١٤ مانگ دانوساتن و چەندین کۆبونەوەی نهێنی لەگەڵ بەرپرسانی ئێراندا توانی ئەمریکیەکان ئازاد بکات و بیانگێڕێتەوە بۆ وڵاتەکەی.

ساڵی ٢٠١٧ کە بڕیاردرا لە هەرێمی کورستان ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی بکرێت، مەکگۆرک یەکێک بوو لەوانەی پێی وابوو ئەو بڕیارە هەڵەیە و دەبێت دوابخرێت، ئەوەش پەیوەندی هەندێک لە سیاسیە کوردەکانی لەگەڵ ناوبراو بەرەو ئاڵۆزیی برد، هەندێک لە بەرپرسانی پارتی دیموکراتی کوردستان بە کەسێکی "بێ ئاگا" ناویانبرد، هەندێکیش بە "مناڵکار" لەقەڵەمیاندا، بەڵام دوای ئەوەی ڕیفراندۆم ئەنجامدرا و دۆخەکە ئاسایی بوەوە و کاتی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان هاتە پێشەوە، مەکگۆرک هەوڵی زۆریدا تا چوار لایەنە ناڕازیەکەی گەیاندە ئەو باوەڕەی بایکۆتی پرۆسەی سیاسی نەکەن و بەشداربن لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.



دوای ئەوەی دۆناڵ ترەمپی سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بڕیاریدا هێزەکانی وڵاتەکەی لە سوریا بکشێنێتەوە بە بیانووی ئەوەی شەڕی داعش لەو وڵاتە کۆتایی هاتووە، مەکگۆرک دژی ئەو بڕیارە وەستایەوە و لە نامەیەکدا دەستلەکارکێشانەوەی خۆی ڕاگەیاند، لە نامەکەیدا هاتووە "ئه‌و بڕیاره‌ له‌ ناكاوه‌ هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه‌یه‌كی روونی سیاسه‌ته‌كانی ئه‌مه‌ریكایە، ئه‌و بڕیاره‌ جێهێشتنی هاوپه‌یمانه‌كانمانه‌، ناتوانم پابه‌ندی سیاسه‌تێك بم كه‌ له‌ ناكاو گۆڕاوه‌ و تره‌مپ له‌ تویته‌ره‌وه‌ بڵاویكردووه‌ته‌وه‌، به‌بێ ئه‌وه‌ی راوێژ به‌ كۆنگرێس، یاخود هاوپه‌یمانه‌كانی ئه‌مه‌ریكا بكات"، نیۆرک تایمز ئاشکرایکردووە لەکاتی خوێندنەوەی نامەی دەستلەکارکێشانەوەی مەکگۆرکدا، بەشێک لە کارمەندانی باڵۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق، گریاوون.


برێت مەکگۆرک ئەو دپلۆماتە ئەمریکیەی دوای ڕووخانی سەدام، دەستی هەبوو لە نوسینەوەی دەستوری راگوزەری عێراق، دوای چواردە ساڵ ئەو وڵاتە جێ دەهێڵێت کە هەنگاو بە هەنگاو دەستی هەبووە لە بەرەوپێشچوونیدا، دەبێت عێراقیەکان و بە تایبەتی کورد چاوەڕێ بکات بزانێت کێیە ئەو کەسەی دەبێتە جێگرەوەی مەکگۆرک و کام سیاسیە ئەمریکیەیە نەخشەی سیاسی داهاتووی عێراق دادەڕیژێتەوە.




PM:02:15:23/12/2018


ئه‌م بابه‌ته 5064 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت