وه‌فدی دانوستكاری پارتی له‌گه‌ڵ‌ كۆسره‌ت ره‌سوڵ كۆبووه‌وه‌


وێستگه‌ نیوز -
دوای‌ كۆبوونه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ‌ وه‌فدی‌ مه‌كته‌بی‌ سیاسی‌ یه‌كێتی‌ نیشتمانی‌ كوردستان، وه‌فدی دانوستكاری پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكومه‌تی هه‌رێم له‌گه‌ڵ‌ جێگری‌ سكرتێری‌ گشتی‌ ئه‌و حزبه‌ كۆبووه‌وه‌ و هەردوولا هاوڕابوون له‌سه‌ر هه‌نگاونانی خێرا بۆچاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان.

به‌گوێره‌ی‌ راگه‌یه‌ندراوێكی‌ نووسینگه‌كه‌ی‌، پاش نیوه‌ڕۆی ئه‌مرۆ چوارشه‌ممه‌ 19ی‌ كانوونی‌ یه‌كه‌می‌ 2018 كۆسره‌ت ڕه‌سوڵ عه‌لی جێگری سكرتێری گشتی یه‌كێتی‌ نیشتمانی‌ كوردستان له‌باره‌گای تایبه‌تی خۆی له‌شاری سلێمانی پێشوازی له‌ هۆشیاری زێباری ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی و سه‌رۆكی وه‌فدی دانوسكاری ئه‌و حیزبه‌ بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و وه‌فدی هاوڕێی كرد.

له‌دانیشتنێكدا كه‌ به‌ ئاماده‌بوونی ژماره‌یه‌ك له‌ ئه‌ندامانی‌ مه‌كته‌بی سیاسی و سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی‌ به‌ڕێوه‌چوو، هه‌ردوولا باسیان له‌ هه‌نگاوه‌كانی پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكومه‌تی هه‌رێم و كێشه‌كانی نێوان هه‌رێم و حكومه‌تی ناوه‌ند به‌ گشتی و به‌ تایبه‌تی كێشه‌كانی شاری كه‌ركوك و هه‌نگاوه‌كانی پێكهێنانی حكومه‌تی ناوه‌ندی عیراقی فیدراڵ كرد.

له‌و ڕووه‌وه‌ هه‌ردوو لا هاوڕابوون له‌سه‌ر هه‌نگاونانی خێرا بۆچاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان و رێككه‌وتنی سیاسی نوێ و بونیادنانی بنه‌ماكانی حكومه‌تی شه‌ڕاكه‌تی راسته‌قینه‌ له‌ نێوان لایه‌نه‌ به‌شداربووه‌كانیدا، به‌جۆرێك كه‌ ببێته‌ حكومه‌تێكی به‌هێزو خزمه‌تگوزار بۆ ته‌واوی خه‌ڵكی كوردستان.

دوێنێ‌ سێشەممە شاندی دانوستانکاری پارتی دیموکراتی کوردستان کە پێکهاتبوو لەهۆشیار زێباری و هێمن هەورامی و مەحمود محەمەد و دڵشاد شەهاب و جەعفەر ئیمنیکی و ئازاد بەرواری و فرسەت سۆفی، سەردانی سلێمانیان کرد و لەگەڵ لیژنەی دانوستانکاری یەکێتی نیشتیمانیی کوردستان کۆبوونەوە.

دوای‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ش له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا ئاماژه‌یان به‌وه‌دا كه‌ "كەش‌ و هەوای گفتوگۆكان ڕاشكاوانە، بەرپرسیارانە‌ و دۆستانە بوون، تێدا بیر و بۆچوونی هەردوولا ئالوگۆر كرا لەسەر پرۆسەی گفتوگۆ و هەرچی زیاتر هەماهەنگی بۆ بەهێزتركردنی دامەزراوە دەستوریی‌ و یاسایی‌ و ئیدارییەكانی هەرێمی كوردستان‌و خزمەتی زیاتری گەلی كوردستان‌و هەنگاونانی جددی بۆ كاری پێكەوەیی".

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە كه‌ "هەردوولا جەختیان لە بەردەوامی كۆبونەوەكان كردەوە، لە ئایندەیەكی نزیكدا كۆبونەوەی دیكە ئەنجام دەدرێ".


PM:05:06:19/12/2018






ئه‌م بابه‌ته 2360 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو