رای لایه‌نه‌كانی كه‌ركوك له‌سه‌ر هه‌ڵكردنی ئاڵای كوردستان

‌هەڵکردنی ئاڵای کوردستان لە کەرکوک پێش کۆنتڕۆڵکردنەوەی لەلایەن هێزە عیراقییەکان

وێستگه‌ نیوزـ

رۆژی دووشەمە 17ی كانونی یه‌كه‌م لە رۆژی‌ ئاڵای كوردستاندا، حزبی‌ شیوعی‌ ئاڵای‌ کوردستانی‌ لەسەر بارەگاکەی‌ لە شاری کەرکوک هەڵکرد، بەڵام دوای‌ چەند کاتژمێرێک لەلایەن هێزی دژه‌ تیرۆری عیراقه‌وه‌ ئاڵاكه‌ داگیرا.

ئازاد جەباری‌، سەرۆکی‌ لیژنەی‌ ئەمنی‌ لەئەنجومەنی‌ پارێزگای‌ کەرکوک، بەدەنگی‌ ئەمریکای‌ راگەیاند"هێزە ئەمنیەکان بە ئیعازی‌ پارێزگاری‌ کەرکوک و تورکمانەکان ناهێڵن ئاڵای‌ کوردستان هەڵبکرێت."

هاوكات رەوەند مەلا مەحمود، جێگری‌ بەرپرسی‌ مەڵبەندی‌ کەرکوکی‌ یەکێتی‌ نیشتمانی كوردستان راگەیاندوه‌: " ئه‌گه‌ر لەسەر هەڵکردنی‌ ئاڵای‌ کوردستان کێشە دروست ببێت و دۆسیەکە ببرێتە دادگا و دواتر دۆسیەکە بدۆرێنین، ئه‌وا قورس دەبێت."

له‌به‌رامبه‌ریشدا نەجات حسێن، ئەندامی‌ کوتلەی‌ تورکمانی‌ وتویه‌تی: "یەکێتی‌ بارەگای‌ لە کەرکوک هەیەو پارتیش خەریکە دەگەرێتەوە، بۆیە پێویستە بەگفتووگۆ ئەم مەسەلە چارەسەر بکەن"، ئه‌وه‌شی به‌بیرهێناوه‌ته‌وه‌ كه‌ "کەرکوک موڵكی کورد و عەرەب و تورکمانە، بۆیە دەبێت کێشەکان چارەسەر بکرێن."

گرفتی‌ هەڵکردنی‌ ئاڵای‌ کوردستان لە کەرکوک رەگێکی‌ کۆنتری‌ هەیە، ئه‌وكاته‌ی کاتێک کەرکوک لەژێر کۆنترۆڵی‌ کوردا بوو، ئاڵای‌ کوردستان لەسەر دامەزراوە حکومیەکانی‌ ئەو شارە و بەبێ گوێدانە نارەزایەتیەکانی‌ عیراق هه‌ڵده‌كرا.

به‌ڵام دوای‌ 16 ی‌ ئۆکتۆبەری‌ 2017، کاتێک به‌ناوی سه‌پاندنی یاسا هێزه‌ عیراقییه‌كان کەرکوکیان کۆنترۆڵکردوه‌وه‌، له‌وكاته‌وه‌ ئاڵای‌ کوردستان لەسەر دامەزراوە حکومیەکان داگیراوه‌ و تەنانەت رێگە بەحزبە کوردییەکانیش نه‌دراوه‌ لەسەر بارەگاکانیشیان ئاڵاكه‌ هەڵبکەن.


PM:10:30:18/12/2018


ئه‌م بابه‌ته 2492 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو