سبه‌ینێ شاندی پارتی سه‌ردانی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان ده‌كات


وێستگه‌ نیوز ـ هه‌ستیار

سبه‌ینێ شاندی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ سلێمانی بۆ پرسی پێكهێنانی حكومه‌تی داهاتووی هه‌رێم سه‌ردانی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان ده‌كات و ئه‌ندامێكی جڤاتی نیشتمانی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕانیش زانیاری له‌ باره‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌وه‌ ده‌خاته‌ڕوو.


چالاك موهه‌ندیس، ئه‌ندامی جڤاتی نیشتمانی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان به‌ وێستگه‌ نیوزی راگه‌یاند: بڕیاره‌ سبه‌ینێ چوارشه‌ممه‌ 19ی كانوونی یه‌كه‌می 2018، شاندی دانووستانكاری پارتی دیموكراتی كوردستان سه‌ردانی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان بكه‌ن له‌ شاری سلێمانی و جارێكی تر پرسی پێكهێنانی حكومه‌ت تاتووتوێ بكه‌نه‌وه‌.

وتیشی: "وه‌ك بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان به‌و سه‌ردانه‌ی شاندی پارتی خۆشحاڵین و خوازیارین زیاتر به‌رچاومان روون ببێت بۆ ئه‌وه‌ی له‌ كۆبوونه‌وه‌ی داهاتووی جڤاتی نیشتمانی بڕیاری له‌ باره‌وه‌ بده‌ین كه‌ ئایا ده‌چینه‌ حكومه‌ته‌وه‌ یان ده‌بینه‌ ئۆپۆزسیۆن".

ئه‌ندامه‌كه‌ی جڤاتی نیشتمانی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان ئاشكراشیكرد: "ئێمه‌ له‌ رابردوودا له‌گه‌ڵ پارتی دیموكراتی كوردستان په‌یوه‌ندییه‌كی باشمان نه‌بوو، به‌ڵام ئێستا ده‌مانه‌وێت ئه‌و رابردووه‌ دووباره‌ نه‌بێته‌وه‌ و په‌ڕه‌یه‌كی نوێ له‌گه‌ڵ پارتی دیموكراتی كوردستان هه‌ڵبده‌ینه‌وه‌، هه‌روه‌ك پارتیش دڵنیایی ئه‌وه‌مان بداتێ كه‌ ئه‌وه‌ی له‌ رابردوو روویدا دووباره‌ نه‌بێته‌وه‌".

له‌ 10ی تشرینی یه‌كه‌می 2015، په‌یوه‌ندی نێوان بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان و پارتی دیموكراتی كوردستان گرژی تێكه‌وت و پارتی له‌ بازگه‌ی پردێ رێگه‌ی نه‌دا یوسف محه‌مه‌د، سه‌رۆكی ئه‌وكاتی په‌رله‌مانی كوردستان بڕواته‌ هه‌ولێر و سه‌رجه‌م وه‌زیره‌كانیشی له‌ كابینه‌ی هه‌شت نێردرانه‌وه‌ ماڵه‌وه‌.

چالاكی موهه‌ندیس وتیشی: "ده‌مانه‌وێت پارتی گره‌نتی ئه‌وه‌مان پێبدات كه‌ ئه‌وه‌ی له‌ رابردوو روویدا دووباره‌ نه‌بێته‌وه‌، ئه‌وكات ئێمه‌ش به‌رنامه‌ی خۆمان كه‌ بۆ حوكمڕانی ئاماده‌مان كردووه‌ ده‌یخه‌ینه‌ڕوو".

راشیگه‌یاند: "ئێمه‌ پشتیوانی له‌ حكومه‌تێك ده‌كه‌ین كه‌ حكومه‌تی هاوڵاتییان بێت و خزمه‌تگوزاری زیاتر له‌ كابینه‌ی هه‌شت پێشكه‌شی هاوڵاتییان بكات".

ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌ ئه‌مڕۆ هه‌ردوو شاندی پارتی و یه‌كێتی له‌ سلێمانی له‌سه‌ر پرسی پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكومه‌تی هه‌رێم كۆبوونه‌وه‌ و له‌ راگه‌یه‌ندراوی كۆتایی كۆبوونه‌وه‌كه‌شدا رایانگه‌یاند، كه‌ بڕیاریانداوه‌ به‌م نزیكانه‌ كۆبوونه‌وه‌ی دیكه‌ ئه‌نجام بده‌ن.


PM:09:11:18/12/2018


ئه‌م بابه‌ته 2984 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو