عادل عه‌بدولمه‌هدی پاسپۆرتی دیپلۆماسی به‌ نادیه‌ موراد و هاوسه‌ره‌كه‌ی ده‌به‌خشێت

‌ عادل عه‌بدولمه‌هدی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق

وێستگه‌ نیوزـ

سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق پاسپۆرتی دیپلۆماسیی به‌ نادیه‌ موراد و هاوسه‌ره‌كه‌ی به‌خشی، سه‌باره‌ت به‌ پرسی كه‌ركوكیش رایگه‌یاند كه‌ پاراستنی ئاسایشی ئه‌و شاره‌ له‌ ئه‌ستۆی حكومه‌تی به‌غدایه‌.

له‌ كۆنگره‌ی رۆژنامه‌وانیی هه‌فتانیه‌ خۆیدا كه‌ ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 18ی كانونی یه‌كه‌می 2018 له‌ باره‌گای حكومه‌ت له‌ به‌غدای پایته‌خت سازیكرد، عادل عه‌بدولمه‌هدی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق  به‌خشینی پاسپۆرتی دپیلۆماسیی به‌ نادیه‌ موراد و هاوسه‌ره‌كه‌ی رایگه‌یاند و وتی كه‌ له‌ به‌ر رۆڵی مرۆڤانه‌ی نادیه‌ موراد و هاوسه‌ره‌كه‌ی، ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عیراق بڕیاریداوه‌ پاسپۆرتی دیپلۆماسی به‌ هه‌ردووكیان ببه‌خشێت.

سه‌باره‌ت به‌ دۆخی ئه‌منیی كه‌ركوك، سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق رایگه‌یاند كه‌ حكومه‌تی فیدڕاڵ به‌رپرسه‌ له‌ پاراستنی ئاسایشی كه‌ركوك، له‌سه‌ر دۆخی به‌سره‌ش وتی: كێشه‌كانی به‌سره‌ كه‌ڵه‌كه‌ بوون و كێشه‌كانیش به‌ پله‌ی یه‌ك ئیدارین و حكومه‌ت به‌ پلانی خێرا ده‌بێت چاره‌سه‌ریان بكات.

سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق باسی له‌ ته‌واوكردنی كابینه‌ی حكومه‌ته‌كه‌ی  كرد و ئاشكرایكرد كه‌ له‌دانیشتنی رۆژی پێنجشه‌ممه‌ی داهاتوودا وه‌زاره‌ته‌كانی دیكه‌ش په‌سه‌ند ده‌كرێن و كابینه‌ی حكومه‌ت ته‌واو ده‌بێت.

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی كۆنگره‌ رۆژنامه‌وانییه‌كه‌یدا، عه‌بدولمه‌هدی ئاشكرایكرد كه‌ ره‌شنوسی نوێی تایبه‌ت به‌ فه‌رمانبه‌رانی گرێبه‌ست، مافی خانه‌نشینی و پله‌به‌ندی و مافه‌ داراییه‌كان له‌خۆده‌گرێت، داواشیكرد په‌له‌ له‌ چاكسازیی راسته‌قینه‌ بكرێت تا ئابوریی عیراق له‌ كۆتوبه‌ندی یاریكردنی نرخی نه‌وت رزگار بكرێت.

جه‌ختیشیكرده‌وه‌ كه‌ سه‌رجه‌م جومگه‌كانی ده‌وڵه‌ت به‌رپرسان له‌ بوژاندنه‌وه‌ی ئابوریی نیشتمانی و كردنه‌وه‌ی بواری وه‌به‌رهێنان.


PM:08:26:18/12/2018


ئه‌م بابه‌ته 2192 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو